سەرەڕای ئەوەی فەیلەسووفەكانی پێ ناسراوە كە ئەوان لە خەڵكی ئاسایی داناتر و بیركراوەترن لە بوارە جۆراوجۆرەكانی ژیان و لەوان بەتواناترن بۆ سەیركردنی ئاقڵمەندانە بۆ كێشەكانی كۆمەڵگا، بەڵام هەندێكیان بە جیاوازیی سەردەمەكانیان هەڵوێستێكی نەرێنیان بەرانبەر بە ژن و پرسەكەی هەبووە، بۆچوونی ئەوان كەمبەهایی ژن بەرانبەر بە پیاو و فەرامۆشكردنی رۆڵی لە ژیان دەچەسپێنن.
باشترین هیوای ژن ئەوەیە ببێت بە پیاو
بابەتی بەكەمزانینی ژن تەنیا لای
ئەو فەیلەسووفانە لە سەردەمی كۆندا نەبووە، بەڵكو چەند مەزەوێكی فەلسەفی نوێیش ئەو جیاخوازی و رەگەزپەرستیانەیان دژ بە ژن چەسپاندووە، لە خوارەوە پێنج فەیلەسووف هەن لە بابەخ و بەهای ژنیان كەم كردووەتەوە و لە بۆچوونە فەلسەفییەكانیان دوژمنداریان كردووە:
سوكرات
جیاكاری لەنێوان پیاو و ژن و سەرخستنی پیاو لە سەدەكانی پێش زایین دەستی پێ كرد، رەنگە یەكەم دەربڕین لە مێژووی فەلسەفە ئاماژە بۆ كەمبایەخكردنی ژن بكات لەسەر زاری سووكراتی فەیلەسووفی یۆنانی هاتبێت، كە بە شەهیدی بەرگریكردن لە پرەنسیپ و دامەزرێنەری لۆجیكزانی وێناكردن دادەنرێت، كاتێك گوتی، ژنان جەستەیان دەبێ و فەیلەسووفانیش گیان، رقلێبوونەوەی ئەو فەیلەسووفە یۆنانییە بەوەندە نەوەستا و زیاتر گوتی، ژن تەنیا بۆ منداڵبوون باشە، ئەو بوونەوەرێكی شێواوە كە سروشت بەرهەمی هێناوە و بە هاوشێوەی پیاو توانای ئەنجامدانی هەڵسوكەوتی باشی نییە.
ئەرستۆ بۆ ماوەی چەند سەتەیەك بە فەلسەفەكەی دەرگەكانی بە رووی ژندا داخست، كاتێك بەوە كورتی كردەوە كە تەنیا دەفرێكە كۆرپەلە لەباوەش دەگرێ و خۆراكی پێ دەدات، دەگوترێ سوكرات كە چاكە و رۆڵی ژنی لە پێكهاتە زانستییەكەی خۆی رەت نەكردووەتەوە، كە خۆی لە خاتوو دیوتیم دۆمانتینی، دەبینێتەوە، بەڵام لە دوا ساتەكانی تەمەنی و مردنی بەژەهرخواردن، داوای كرد هەموو ژنان لە ژوورەكەی بچنە دەرەوە و تەنیا لەگەڵ هاوڕێ نێرینەكانی بمێنێتەوە.
ئەفلاتوون
ئەفلاتوونی خاوەن كتێبی "جمهوریە"، سەرەڕای ئەوەی هەندێكجار داوای باشكردنی دۆخی ژنی كردووە، بەڵام ئەو وای دەبینێ كە لە رووی بەها و ئەقڵەوە، لە پیاو كەمترە، تا ئاستێك داخی هەیە بەوەی كوڕی ژنێكە و توەڕەیی لە دایكی دەردەبڕێت، چونكە مێیینەیە.
ئەفلاتوون كە بە باوكی فەلسەفە دادەنرێت، لەوە زیاتر دەڕوات و وای دادەنێ كە تەنیا پیاوە راستەوخۆ لەلایەن خواوەندەوە دروست كراوە و رۆحی پێ بەخشیوە، بۆیە پیاوان تاكە بوونەوەری مرۆیی بێ كەموكڕین كە بتوانن بگەن بە كەمال و تەواوی، ئەفلاتوون لە گفتوگۆی لەگەڵ تیماوسی فەیلەسووفی یۆنانی سڵی لەوە نەكردەوە كە گوتی، باشترین هیوای ژن ئەوەیە ببێت بە پیاو.
ئەرستۆ
بۆ ماوەی چەند سەدەیەك لە رێگەی فەلسەفەكەیەوە دەرگەی بە رووی ژندا داخست، كاتێك بەوەی كورتی كردەوە كە تەنیا دەفرێكە كۆرپەلە لەخۆ دەگرێت و خۆراكی پێ دەبەخشێت، لەوكاتەی وەسفی بەهای بەرز بۆ پیاو دادەنێت، كە بەرەو تەواوییە.
ئەرستۆ پێی وایە ژن بەدەست هەڵەیەكی سروشتییەوە دەناڵێنێت، ئەویش بێتواناییتی لە دروستكردنی تۆو، كە تەواوی مرۆڤایەتی وەك بوونەوەر لەخۆ گرتووە، بە بۆچوونی ئەرستۆ ژن پیاوێكە كە تووشی نەزۆكی بووە، واتە بە سرووشتەكەی لە پیاو كەمترە و زیاتر لە منداڵ و ئاژەڵ نزیكە و بۆ ئەوە دروست كراوە لەژێر فەرمانڕەوایی رەگەزی بەهێزتر بێت، كە پیاوە.
نیچە
دوای سەردەمی یۆنانییەكان بابەتەكە ئەوەندە نەگۆڕ و هەمان سەیركردنی ژن لای ژمارەیەك فەیلەسووفی سەردەمی نوێ بەردەوام بوو، لەوانەیش فریدریك نیچەی فەیلەسووفی ئەڵمانی، كە وای دەبینێ ژن لە باشترین حاڵەتدا ئاژەڵێكی هاوشێوەی پشیلە و سەگ و چیڵە، ئەو بە هەموو شێوەیەك دژ بە پیاو خەریكی پیلانگێڕییە.
نیچە كە بە میزاجێكی توند ناسراوە، ئەوپەڕی توندڕۆیی بەرانبەر بە ژن دەنوێنێ و لە كتێبی "زەردەشت بەوشێوەیە قسەی كردووە"، دەڵێت، ژن نیوەی لاوازیی مرۆڤایەتییە، ئەو گۆڕاو و رەنگاوڕەنگە، ئەو پێویستی بە ئاینێكی لاوازە كە لاوازەكان بەپیرۆز دەكات، یان بەهێز دەكات بە لاواز و ئەوكات سەردەكەوێ كە بەسەر بەهێز زاڵ دەبێت، ژن بە بەردەوام و بە هەموو دیمەنێكی لادانەوە لەدژی پیاوانی بەهێز پیلانگێڕی كردووە، بۆیە رقلێبوونەوەی نیچە و بەكەمزانینی ژن لە گوتە ناودارەكەی بەرجەستە دەبێت كە گوتی، ئەگەر سەردانی ژنت كرد لەبیر نەكەیت قامچییەكەیش لەگەڵ خۆت ببە.
شوبنهاوەر
هەرچی ئارسەر شوبنهاوەری فەیلەسووفی ئەڵمانییە كە لە زۆر بابەتدا خاوەن ئەقڵێكی رووناكە، رقلێبوونەوەیەكی گەورەی بۆ ژن هەبووە و وا باسی كردووە، دەبێ لە دنیا تەنیا ژنی ماڵەوە بن، كاری چێشتلێنان و پاككردنەوە بكەن، كچانی بچووكیش هەموو خەونەكانیان هەر ئەوە بێت، بۆیە نابێ لەسەر خۆبەزلزانی رابهێندرێن، بەڵكو لەسەر كاركردن و ملكەچبوون.
شۆبنهاوەر بە یەكێك لە زیاترین فەیلەسووفەكانی سەردەمی نوێ لە رووی رقلێبوونەوە لە ژن ناسرا، كە وەك عەیبە و نەگییەكی كۆمەڵگەی دەبینێ و ئەو رقلێبوونەوەیشی بۆ ژن لە پێوەندی لەگەڵ دایكی خۆی بەرجەستە بوو كە بە هۆكاری خۆكوشتنی باوكی لەقەڵەم دا.
سەرەڕای ئەوەی باس كرا هەموو فەیلەسووفەكان بەوشێوەیە سەیری ژن ناكەن، كاتێك هەندێك بیرۆكەی پاڵپشتیكار بۆ ژن لە سەردەمی كۆندا توانیان ئەو رەوتە بشكێنن، لەوانە ئەبیقۆڕی فەیلەسووف كە پێی وا بووە ژن دەتوانێ ببێتە فەیلەسووف و پۆستی باڵا وەربگرێ و بە یەكسانی لەگەڵ پیاو سەیری دەكرد، هەروەها فیساگۆرسی فەیلەسووف بە خۆشویستنی زۆر بۆ ژن و رێزگرتنی لە توانا مێشكییەكانی دەناسرا.