فێركاری و ڕێبازی زانه‌كان كه مێژووه‌كه‌ی بۆ سه‌رده‌مێكی زۆر كۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئێسته‌یش خه‌ڵكێكی یه‌كجار زۆری له ده‌ور كۆبووه‌ته‌وه و كرۆكی ئه‌و ڕێبازه‌یش بریتییه له پابه‌ندنه‌بوون به كات و شوێن و جێ نه‌مان له ڕابردوو و خه‌یاڵنه‌كردن بۆ داهاتوو، به‌ڵكو ژینكردن له ساتی ئێسته و وه‌ستانه‌وه و گه‌شه‌كردن له‌گه‌ڵ ژیان به‌وجۆره‌ی كه هه‌یه وه‌ك حه‌قیقه‌تێك، نه‌ك به‌و شێوازه‌ی كه زۆری و زۆرداری بكه‌ین تا به گوێره‌ی ڕوانین و بیركردنه‌وه‌ی خۆمان بێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕێبه‌رێكی تایبه‌ت و دیاریكراویان نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا فێركارییه‌كانی زانه‌كان بریتییه له دانیشتن و ڕامان و قووڵبوونه‌وه و گفتوگۆ و تاوتوێكردنی قوڵی فه‌لسه‌فی له نێوان مامۆستای زان و قوتابییه‌كانی، جا گفتوگۆكان هه‌موو بواره‌كانی ژیان به بواری رووحیه‌وه‌یش ده‌گرنه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نزیكی زۆر له نێوان فه‌رهه‌نگی زانه‌كان و ئاینی مهایانی بودی هه‌یه، به‌ڵام زان به هیچ شێوه‌یه‌ك خۆی وه‌ك ئاین نه‌ناساندووه و به پێچه‌وانه‌وه ته‌نیا وه‌ك ڕێیه‌ك بۆ دۆزینه‌وه‌ی خود و ژینكردن به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست پێناسه‌ی ده‌كرێت.
كولتووری
زان سه‌ره‌تا له وڵاتی هیندستان بڵاوبووه‌ته‌وه و دواتر راهیبێكی هیندی به ناوی بودیهدهارما له سه‌ده‌ی شه‌شه‌می پێش زانی بۆ چینی گواستووه‌ته‌وه و له زمانی چینیش ناوی نراوه ڕێبازی چا نن، كه له بنه‌ڕه‌تیشدا زانه، پاشان له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می پێش زاینی ته‌واوی ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی دووری گرته‌وه و وه‌ك لقێكی بودییه‌كان له كۆریا و ژاپۆن سه‌یری ده‌كرا و ئه‌م سه‌ده‌یه به چه‌رخی گه‌شانه‌وه‌ی زان داده‌نرێت، چونكه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر پێڕه‌وی ئه‌و ڕێبازه‌یان كرد، بۆ یه‌كه‌مجاریش هونه‌ره‌كانی ئه‌و ڕێبازه و قسه و وتاری مامۆستاكانی خرانه نێو په‌رتووكه‌كانه‌وه، كه ئه‌مه‌یش وه‌ك بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی هه‌ژمار ده‌كرێ، بۆ به‌جیهانیبوونی زان.
به ڕاهێنانه‌كانی ئه‌و ڕێبازه، مرۆڤ ئارام و سه‌قامگیر ده‌بێ و سترێس و ئازاریشی له‌ناو ده‌چێت
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌مانی دواتر بیروباوه‌ڕی ئاینی كریستیان و جوو و ئیسلام بڵاوبووه‌وه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی هاتنی بیر و ڕێبازی گه‌لانی ئه‌وپه‌ڕی ڕۆژهه‌ڵات بوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی به‌رده‌وام و كاڵبوونه‌وه‌ی كاریگه‌ری ئاین و نه‌مانی ده‌مارگیری ئاینی به تایبه‌تی له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و ڕێبازه بۆ ڕۆژئاوایش په‌ڕییه‌وه و ئێسته خه‌ڵكێكی یه‌كجار زۆر له وڵاتانی ئه‌وروپایش به‌م ڕێبازه خه‌ریكن و ڕاهێنانه‌كانی ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
كرۆكی ئه‌و ڕێباز و باوه‌ڕه خۆی له تێگه‌یشتن له ژیان و چۆنیه‌تیی ژینكردن ده‌بینێته‌وه، جیا له‌وه‌یش قبووڵكردنی ژیان به‌وشێوه‌یه‌ی كه هه‌یه و هه‌وڵدان بۆ ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت و دروستنه‌كردنی گرێ و گرژی ده‌روونی له به‌رانبه‌ر حه‌قیقه‌تی ژیان، به مانای خاڵیبوونه‌وه له ڕق و گرژی و تووڕه‌یی داده‌نرێ، كه ئه‌مه‌یش سه‌ره‌كیترین هۆكاره بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ زۆر ئارام و نیان بێ و به ته‌واوی له گرژییه‌كان دوور بكه‌وێته‌وه. به‌هۆی ئاسانی ڕاهێنانه‌كانی ساڵ دوای ساڵ ژماره‌ی پێڕه‌وانی ئه‌و ڕێبازه زیاتر و زۆرتر ده‌بێت، به‌ڵام وه‌ك مامۆستایانی زان باسی لێوه ده‌كه‌ن، گرفته‌كه له‌وه نییه كه ڕاهێنانه‌كان ئاسانن، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر له‌وه‌ی ئێسته‌یش زۆر ئاسانتر بێ، به‌ڵام مرۆڤ خۆی یه‌كلایی نه‌كاته‌وه له ڕووی رووحی و ده‌روونییه‌وه، ئه‌وا له ئارامی و ئاسایشی بوون سوود وه‌رناگرێ و ناتوانێ به‌سه‌ر خۆیدا زاڵ بێت، كاتێك شێوازه كلاسیكییه‌كه‌ی ژیان و شێوازی ژینكردن هاوشێوه‌ی زانه‌كان له هزر و ده‌روونی كه‌سه‌كان یه‌كلایی نه‌بێته‌وه، ئه‌وا ناتوانن رووحیان بگه‌شێته‌وه و شكۆفه بكات، چونكه ناكرێ دوو شێواز و بیر و ڕێباز له نێو هزردا هه‌بێ و پلان و بیركردنه‌وه بۆ پابه‌ندبوونی دابنرێت.
ئامانجی سه‌ره‌كی بریتییه له قبووڵكردنی ژیان وه‌كو خۆی و خۆ ڕزگاركردن له‌و هه‌موو كۆسپ و كۆته‌ی بۆ مرۆڤ دانراوه
گرنگترین ڕامانی زانه‌كان بریتییه له دانیشتن به‌شێوه‌ی گوڵی لوتس و نووقاندنی چاوه‌كان و هاوسه‌نگكردنی ده‌سته‌كان و ڕامان و قووڵبوونه‌وه له ناخ، ئه‌مه هه‌موو ڕۆژ دووباره ده‌بێته‌وه، تا ئارامی هه‌میشه‌یی به‌ده‌ست بهێنن و ته‌نانه‌ت هێنده له نێو خود دا ده‌توێنه‌وه، كه ناتوان بیر له بیركردنه‌وه‌یش بكه‌نه‌وه، ئه‌م جۆره ڕاهێنانه‌یش پێی ده‌گوترێ زازن و هه‌موو پێڕه‌وێكی ئه‌و ڕێبازه فه‌لسه‌فه‌یه ده‌بێ به به‌رده‌وامی ئه‌نجامی بدات.
ئه‌و ڕاهێنانه به گوێره‌ی چه‌ندان توێژینه‌وه، جیا له‌وه‌ی ده‌بێته هۆی ئارامی و هه‌ستكردن به ئاسایشێكی رووحی زۆر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش سوودی زۆری بۆ لێدانی دڵ و هه‌ناسه‌دان و زیادبوونی چالاكی عه‌قڵ و وریابوونه‌وه و هۆشیاربوونه‌وه‌ی زیاتری مرۆڤ هه‌یه، هه‌موو ئه‌وانه‌یش وا ده‌كه‌ن كه مرۆڤ به ته‌واوی به‌سه‌ر خۆیدا زاڵ بێ و هاوسه‌نگی له نێوان رووح و دڵ و عه‌قڵ بكات، گه‌یشتن به‌مه‌یش واته ئه‌وپه‌ڕی ڕۆشنبوونه‌وه و دانایی و هه‌ستكردن به ئاشتی و سه‌لامه‌تی.