عەدنان زورفی.. زادەی ململانێی قووڵی ناوماڵی شیعە و لاوازیی هەڵوێستی ئێران

:: PM:04:24:21/03/2020 ‌

دوای راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، عەدنان زورفی توانوویەتی پاڵپشتی دەرەكی جگە لە ئێران بەدەست بێنێت و ئەو هەوڵی ئەوە دەدات كە بیزانێت ئەو نەیارییەی هێزە شیعەكان بۆ راسپاردنی، سەرچاوەكەی ئێرانە یان ناكۆكیی نێوان خۆیان، لەوكاتەی ئێستە لە سایەی نەمانی قاسم سلێمانی، هێزە شیعەكان بەدەست خراپترین قۆناغیان تێپەڕ دەبن لە پەرتەوازەیی و بێتوانایی كۆكبوون لەسەر بڕیارێك.
ئەگەری هەیە ئێران بۆ بەرژەوەندی زورفی دۆخەكە یەكلا بكاتەوە
پێنجشەمی رابردوو ژمارەیەك لە هێزە دیارەكانی شیعە لە هاوپەیمانی "بینا"، كە هەریەك لە "فەتح" بە سەرۆكایەتی هادی عامری و نوێنەری گرووپەكانی حەشدی شەعبی و "دەوڵەتی یاسا"ی نووری مالیكی و "فەزیڵە" و گرووپەكەی فالح فەیاز، ئەوان وەك خۆیان دەڵێن 170 پەرلەمانتاریان لەناو پەرلەمان هەیە بە سوننەكانیشەوە، لە ماڵی عەمار حەكیم كۆ بوونەوە و هەوڵیان دا رازی بكەن بە پاشەكشەكردن بە عەدنان زورفی و بردنەوە پێشەوەی نەعیم سوهێل بۆ راسپاردن، بەڵام شكستیان هێنا.

كێشەی شیعەكان جیا لەو ململانێ توندەی نێوان هەریەك لە موقتەدا سەدر و نووری مالیكی و هادی عامری و حەیدەر عەبادی لەسەر باڵادەستی بەسەر بڕیاری شیعە و دانانی سەرۆك وەزیران، بریتییە لە ململانێ لەسەر دەسەڵاتی حزبی و مانەوە و هێشتنەوەی دەسەڵات لەناو بازنەی ئێران و دوور لە ئەمەریكا، بۆیە ئەوان هەر گۆڕانكارییەك بە نەیاری خۆیان دەزانن، بەتایبەتی لەژێر سایەی بێدەنگی یان ناڕەزایی سووكی خۆپێشاندەران بەرانبەر عەدنان زورفی، كە بە كەسایەتییەكی گەنج و دوور لەو چینە سیاسییەی دەزانن كە ساڵانێكە عێراق دەچەوسێننەوە و پێشتریش رۆڵی هەبووە لە سەركوتكردنی میلیشیا شیعەكان لە نەجەف.

پێنجشەمی رابردوو لە ماڵی حەكیم بەشدارانی كۆبوونەوەكە پێشنیازی پاشەكشەكردن بە زورفی و راسپاردنی چەند كەسایەتییەكی نزیك لە ئێرانیان كردووە، لەوانە ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسڕە و نەعیم سوهێل، فەرمانبەر لە سەرۆكایەتی كۆماری، ئەگەریش نا پێشنیازی مانەوەی عادل عەبدولمەهدیان كردووە، بەڵام كۆبوونەوەكە بێ رێككەوتن كۆتایی هاتووە و ئەوەیش شكستێكی تری گەورەی هێزە شیعەكانە. 

چاودێرانی شیعە ئاماژە دەكەن ئەو شكستەی كۆبوونەوەكە تەنیا گەڕی یەكەمی رووبەڕووبوونەوەی ئەوانە و رۆژانی داهاتوو گەڕی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، ئەگەرچی ئەو شكستەیان گڕوتینێكی گەورەی بە زورفی دا، چونكە مالیكی و عامری و خزعەلی نەیانتوانی حەكیم رازی بكەن بە وازهێنان لە زورفی، كە لەلایەن موقتەدا سەدرەوە پاڵپشتی بەهێز دەكرێت، جیا لە هاوپەیمانی نەسڕی حەیدەر عەبادی، بۆیە لەناو ماڵی شیعەدا ئەوانەی نەیار و لایەنگری زورفین نزیكەی یەكسانن لە بەهێزیاندا. 

لەو ناوەدا دوای ئەوەی زورفی پاڵپشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا و بێدەنگیی خۆپێشاندەرانی هەیە، ئەو هەوڵی ئەوە دەدات بزانێت ئاخۆ نەیاری هێزە شیعەكان سەرچاوەكەی ئێرانە یان نا، ئێران تا ئێستە ئاماژەیەكی روونی لەبارەی رەتكردنەوە و قبووڵكردنی زورفی نەداوە، تا ئێستە دوو بەرپرسی ئێران ئاماژەیان بۆ ئەو بابەتە كردووە، یەكەمیان محەمەد حەیدەری، نوێنەری عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران لە عێراق كە گوتی، ئەگەر زورفی حكوومەتی پێكهێنا، بۆنی خوێن و راكێشانی عێراق بۆ وێرانبوون دەكەم، بۆیە پێویستە دڵسۆزان گوشار بخەنە سەر سەرۆك كۆمار بۆ رانەساپردنی ئەو جۆرە كەسایەتیانە كە مەبەستیان لەناوبردنی قوربانیدان و ئەجینداكانیان دیارە.

هەرچی مووسا تەباتەبائی، جێگری باڵوێزی ئێرانە لە عێراق، گوتی، بڕیاری ئێران دەستوەرنەدانە لە كاروباری سیاسی ناوخۆیی عێراق و ئێمە رێز لە هەموو بژارەكان دەگرین كە پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەرهەمی دێنێت لەسەر بنەمای لێكگەیشتنی نیشتمانی و لە چوارچێوەی یاسا و دەستووردا، بۆیە هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین بەرەو بنیاتنانی عێراقێكی سەقامگیر و بە ئاسیایش. 

چاودێران پێیان وایە كە هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران توانای رووبەڕووبوونەوەی قبووڵكراوی زورفیان نییە و ئەو دۆخەیش لاوازبوونی كاریگەریی ئێران لە دۆسیەی عێراق پێشان دەدات، بەڵگەیش ناكۆكیی قووڵی نێوان هێزە شیعەكان و شكستهێنانیان لەسەر كاندیدێكی شوێنگرەوەیە بۆ زورفی، بەڵام ئەوە كۆتاییەكەی نییە و هێشتا 25 رۆژ ماوە بۆ خستنەڕووی كابینەی زورفی و رەنگە گۆڕانكاری گەورە رووبدات.

بەتایبەتی كاتێك نووری مالیكی بۆ مسۆگەركردنی بەهێزكردنی بەرەی دژ بە زورفی لەناو پەرلەمان، روو لە هێزە سیاسییە سوننە و كوردییەكان دەكات، جیا لە بەدەستهێنانی پاڵپشتیی شیعەی سەر بە ئێران و نەیار بۆ زورفی، كاتێك مالیكی بە رژدی هەوڵ لەگەڵ محەمەد حەلبووسی و سەرۆك بارزانی دەدات بۆ رازیكردنیان بە وازهێنان لە زورفی، كە لە ماوەی رابردوو ئاماژەیان وەك پاڵپشتییەكی سەرەتایی بوو بۆ راسپاردنی.

چاودێرێكی سیاسی دووپاتی دەكاتەوە كە هۆكاری ئەو ململانێیەی هەیە زورفی نییە كە كەسایەتییەكی نزیكە لە ئەمەریكا وەك باس دەكرێت، چونكە ئەو شیعەیە و لە هاوپەیمانی نەسڕی حەیدەر عەبادییە و ئەویش هەر ئێرانییە، بەڵكو هۆكارەكەی ئەوەیە مالیكی دەیەوێت پێگە و كاریگەریی كۆنی خۆی لەناو ماڵی شیعە بسەپێنێتەوە، لەو كاتەی زۆرێك لە هێزە سیاسییەكانی شیعە مالیكی بە بەشێك لە رابردوو دەزانن. 

ئەو چاودێرە لە كۆتادا گوتی، دوور نییە ئێران بە زورفی رازی بێت، بەهۆی خواستی هێنانەپێشەوەی رووێكی نوێی سیاسی لە لایەنگرانی بۆ بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییەكان لە عێراق لەبەری دەموچاوە كۆنەكان، بەتایبەتی ئێستە ئێران پێویستی بەوە هەیە لایەنگرێكی وای لە عێراق هەبێت كە ئەمەریكایش قبووڵی بكات بۆ باشتركردنی پێوەندییە نهێنییەكانی لەگەڵ واشنتن.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل