چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك نیوه‌ی مرۆڤایتی خراونه‌ته كه‌ره‌نتینه‌وه و له ماڵه‌كانیانن و ڕێ نادرێ بێنه ده‌ره‌وه، ئه‌مه‌یش نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تیی زۆری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و ڕێژه‌ی توندوتیژیشی له نێوان ئه‌ندامانی خێزانه‌كان به‌رز كردووه‌ته‌وه، كه‌ره‌نتینه‌ی تۆ له نێو ماڵێكی فره‌وان و خواردن و خواردنه‌وه‌ی دڵخوازی تۆیه، به‌ڵام گه‌ر بیر له ئه‌زموونی نیلسۆن ماندێلای ڕێبه‌ری گه‌لی باشووری ئه‌فریقا بكه‌یت، ڕه‌نگه زۆر سوپاسگوزار بی له‌وه‌ی دۆخه‌كه له‌وه خراپتر نه‌بووه.
نیلسۆن ماندێلا سه‌ركرده‌ی به‌ره‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لی باشووری ئه‌فریقا دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی سپیپێسته‌كانه‌وه گیرا، ماوه‌ی 27 ساڵ له زیندانێكی تاكه‌كه‌سی له دوورگه‌یه‌كی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی مایه‌وه، كه ژووره‌كه‌ی شێداری ته‌واوی هه‌بوو و به قورسی هه‌ناسه‌ی لێ ده‌درا و جیا له‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر به ئاسایی پاڵ بكه‌وتایه قاچه‌كانی و سه‌ری ده‌گه‌یشتن به دیواری ژووره‌كه‌ی زیندان.
ئێسته كه زۆرینه‌ی مرۆڤایه‌تی له ماڵه‌وه كه‌ره‌نتینه‌كراون، ئه‌وانه‌ی خوێنه‌رن و شاره‌زایی ژیانی ئه‌و پیاوه مه‌زنه‌ن زۆر پرسیاریان وروژاند له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه ماندێلا چۆن توانیویه‌تی ئه‌و هه‌موو ساڵه له‌و شوێنه ته‌نگ و شێداره به‌سه‌ر ببات، گه‌رچی پێشتریش خه‌ڵكی ئه‌مه‌یان خوێندووه‌ته‌وه، به‌ڵام كاتێك جووڵه‌ی خۆیان سنووردار كرا دووباره بۆی گه‌ڕانه‌وه و واقیعی ژیانی ئه‌و پیاوه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان تووشی ژیانی ئه‌وانیش بووه‌ته‌وه.
رۆبن ڕایتی ڕۆژنامه‌نووس له گۆڤاری نیویۆركه‌ری ئه‌مه‌ریكی بابه‌تێكی نووسیوه و ده‌ڵێ، كاتێك پرۆفیسۆر ساموێل پۆل فیسیهر پسپۆری ده‌روونناسی گوتی، كه هێشتنه‌وه‌ی خه‌ڵك له ماڵه‌وه و به‌ندكردنیان كاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و ته‌ندروستی عه‌قلی مرۆڤ تێك ده‌دات و تووشی ڕه‌شبینی و نیگه‌رانی و زۆربه‌ی نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كانیان ده‌كاته‌وه، بیرم له‌وه كرده‌وه ئه‌ی چۆن ماندێلا ئه‌و هه‌موو ساڵه له زیندانی تاكه‌كه‌سی بوو كه مانه‌وه له ماڵ زۆر له‌وێ خۆشتره، كه‌چی كه هاته ده‌ره‌وه به ته‌ندروستییه‌كی باشی هزری و جه‌سته‌یی ماوه‌ته‌وه؟
ماوه‌ی 27 ساڵ له زیندانێكی تاكه‌كه‌سی بوو كه سه‌ری و قاچی ده‌گه‌یشت به دیوار ئه‌گه‌ر پاڵ بكه‌وتایه
رایت بڕیاری دا به دوای ئه‌و خوو و كردارانه بگه‌ڕێ، كه ماندێلا له كاتی به‌ندكردنی له ماوه‌ی ساڵانی حه‌فتا تا نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووه ئه‌نجامی داوه، ماندێلا له حه‌فتاكان بۆ دوورگه‌ی رۆبن له زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی گوێزرایه‌وه كه پێشتر شوێنی تووشبووانی جۆره نه‌خۆشییه‌كی گوێزراوه بوو و دواتر بۆ گرتووخانه گۆڕا، له كتێبه‌كه‌ی به ناوی "ڕێیه دووره‌كه‌م له پێناوی ئازادی" ماندێلا وه‌سفی زیندانه‌كه‌ی كردووه و ده‌ڵێ، ده‌متوانی ته‌نیا سێ هه‌نگاو له نێو ژووره تاكهكهسییهكی زیندان بهاوێژم، كاتێك پاڵدهكهوتم هه‌ست به‌وه ده‌كرد كه قاچم و سه‌رجه‌م به ته‌واوی به دیواره‌وه نووساون، سه‌ره‌تا بیرم له‌وه كرده‌وه كه ئه‌و شوێنه ته‌نگ و ناخۆشه، گۆڕ و زیندانی من نییه، به‌ڵكوو له هزری خۆم به ماڵی خۆم پێناسه‌م كرد، ئه‌مه‌یش هه‌نگاوێكی گرنگ بوو كه تۆزێك وره‌ی به‌خۆم دایه‌وه.
رایت ده‌ڵێ، ئه‌زموونه‌كه‌ی ماندێلا وه‌كو ئێمه نییه، كه ڕۆژنامه و ئینته‌رنێت و كۆمپیوته‌ر و كتێب و ته‌له‌ڤزیۆن و مۆبایلی زیره‌كمان له‌به‌رده‌سته و هه‌ركات بمانه‌وێ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌یخوازین به ده‌نگ و ڕه‌نگ گفتوگۆ بكه‌ین، له‌وێ زیندانه ڕه‌شپێسته‌كان بۆیان نه‌بوو جلی خه‌وتنیشیان پێ بدرێ، ئه‌مه ته‌نیا بۆ سپی پێسته‌كان بوو، بۆیه هه‌ر به‌و جله‌ی له‌به‌رمان بوو خه‌وتن و ژیان و هه‌موو شتێكیان هه‌ر ئه‌وه‌نده بوو.
تێكچوونی ماندێلا ئه‌وكاته ده‌ستی پێكرد كه هه‌واڵی ئه‌وه‌ی به ئه‌نقه‌ست پێگه‌یه‌نرا كه ژنه‌كه‌یشی گیراوه و منداڵه‌كانی وه‌ك هه‌تیو بێ كه‌سوكار و چاو‌دێر ماونه‌ته‌وه، ئه‌مه به ته‌واوی گورزێكی كوشنده بوو به‌ر ماندێلا كه‌وت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر كۆڵی نه‌دا و دژی ئه‌و ستراتیجه وه‌ستایه‌وه كه سپی پێسته‌كان بۆ له‌ناوبردنی به‌شێوه‌ی هزری و ده‌روونی دایانڕشتبوو.
یاری بۆكسینگ و وه‌رزش هێز و ئیراده‌ی به‌رگه‌گرتنی ئه‌و ماوه درێژه‌یان دا له‌و زیندانه ته‌نگه‌دا
ساڵی 1988 ماندێلا له گرتووخانه‌كه‌ی تووشی نه‌خۆشی سیل بوو و كه‌چی هه‌ر به‌رده‌وام بوو و به ئومێد و ورده و ئیراده‌وه ڕۆژه‌كانی گرتووخانه‌ی به‌ڕێ ده‌كرد، ئه‌و ده‌ڵێ، كه یه‌كه‌م ڕۆژ گه‌یشتمه گرتووخانه‌كه پاسه‌وانێك پێی گوتم، به پێی خۆت هاتووی، به‌لام به مردوویی لێره ده‌چیته ده‌ره‌وه، ئه‌م ڕسته‌یه‌م له هزری خۆم سڕییه‌وه و ململانێم كرد.
توێژه‌رانی ده‌روونناسی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ماندێلا كرد و گه‌یشتنه ئه‌و بڕوایه‌ی كه ماندێلا به‌هۆی ئه‌وه‌ی له منداڵییه‌وه حه‌زی له یاری بۆكسینگ بووه و كاتێك ئازادیش بوو هه‌فته‌ی سێ رۆژ ده‌چووه یاری بۆكسینگ و چوار ڕۆژیش به‌یانیان سه‌عات پێنج هه‌ڵده‌ستا و وه‌رزشی ڕاكردن و چه‌ند جۆره وه‌رزشێكی تری ده‌كرد، ئه‌مه‌یشی بۆ گرتووخانه گواسته‌وه و به‌وهۆیه‌وه سه‌ركه‌وتوو بووه.
له یاداشته‌كانی ماندێلا خۆیشی هاتووه، كه دوودڵی و ڕه‌شبینی و نیگه‌رانی وه‌كو چه‌قۆن كه بدرێ له جه‌سته‌ی مرۆڤ، به‌ڵام من به بۆكسینگ و وه‌رزش توانیم له‌ناویان ببه‌م.
ئه‌و له گرتووخانه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند ڕۆژێك له هه‌فته به كه‌له‌پچه‌كراوی ده‌بردران و به‌ردیان پێ ده‌شكێنرا و كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامیان پێ ده‌كرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا، هه‌فته‌ی چوار ڕۆژ یاری بۆكسینگی له ژووره تاكه‌كه‌سییه‌كه‌ی ده‌كرد، 45 خوله‌كیش له‌م ژووره سێ هه‌نگاوییه هاتوچۆی ده‌كرد و 100 جاریش ڕاهێنانی سك و 50 جاریش ڕاهێنانی قاچی ده‌كرد، به‌وهۆیه‌وه ئه‌و شوێنه ته‌نگ و تاریك و پڕ له شێیه‌ی كردبوو به هۆلێكی وه‌رزشی پێشكه‌وتوو و ناوازه و به به‌رده‌وامی به هیواوه وه‌رزشه‌كانی ده‌كرد، ئه‌مه‌یش بوونه هۆی ئه‌وه‌ی جه‌سته و ده‌روون و عه‌قلی به ته‌ندروستی بمێننه‌وه و دواجاریش به پێیه‌كانی خۆی له گرتووخانه هاته ده‌ره‌وه و بوو به سه‌رۆكی باشووری ئه‌فریقا و خه‌ڵاتی نۆبلیشی بۆ ئاشتی له جیهان وه‌رگرت.
تۆ له هه‌ر دۆخێك بیت، به‌هۆی كه‌ره‌نتینه‌وه هه‌رگیز وه‌ك ئه‌و ساتانه‌ی
ماندێلا تێپه‌ڕی كردووه، خراپ و ناخۆش نین، بۆیه خۆت مه‌خه‌ره به چه‌قۆی دوودڵی و نیگه‌رانی و كێشه ده‌روونییه‌كان، وه‌رزش بكه و به ئومێده‌وه بژی، ئه‌مه هه‌م ده‌روون و جه‌سته و عه‌قلت چالاك و شاد ده‌كات، هه‌میش به‌سه‌ر كۆرۆنا زاڵت ده‌كات.