16 كۆمپانیا كار بۆ دۆزینەوەی ڤاسكینی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكەن

:: AM:11:26:09/04/2020 ‌
تا دێت لێكۆڵینەوە و گەڕان بەدوای ڤاسكینی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر دەبێت، كۆمپانیاكان لە ململانێی توندان و ركابەریی كات دەكەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. بەپێی یەكێتیی نێودەوڵەتی دروستكەرانی دەرمان بێت، ئێستە 16 كۆمپانیا و زانكۆ لە ئاستی دنیا لە كاردان، بەشێك لەوانە چارەسەرەكانیان لەژێر تاقیكردنەوەدایە.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، یەكێتیی نێودەوڵەتی دروستكەران و كۆمەڵەكانی دەرمانخانەكان ئاشكرای كرد، 16 ناوەند و كۆمپانیا و زانكۆی جیهانی بە فەرمی دەستیان بەكار كردووە بۆ دۆزینەوەی ڤاسكینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بەپێی داتاكانی یەكێتیی نێودەوڵەتی دروستكەران و كۆمەڵەكانی دەرمانخانەكان بێت، كۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسنی ئەمەریكی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ زانكۆی لۆفینی بەلجیكی كار دەكات بۆ دۆزینەوەی ڤاسكینی دژە كۆرۆنا. هاوكات كۆمپانیای میركی ئەمەریكی بڕێكی زۆری دەرمانی "ئینتەرفیرۆن بێتا 1 ئەلفا"ـی داوەتە حكوومەتی ئەمەریكی تا وەك ڤاسكینی دژە كۆرۆنا بەكاری بهێنێت، بەڵام تا ئێستە ئەو دەرمانە وەك چارەسەری یەكلاكەرەوە پشتی پێ نەبەستراوە.

كۆمپانیای ئاب ڤی ئەمەریكی كە یەكێكی ترە لە كۆمپانیاكانی بواری دەرمان، تاقیكردنەوە لەسەر دەرمانی ڤایرۆسی ئایدز دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام هێشتا ئەنجامەكان یەكلا نەكراونەتەوە كە كار دەكەن یان نا.

هەوڵەكانی گەیشتووەتە ئاستی تاقیكردنەوەی ڤاسكینی ریمدیسیڤیر لە زۆر لە وڵاتان


لای خۆیەوە كۆمپانیای ئاسترا زینیكا كە كۆمپانیایەكی سویدی ئینگلیزییە، كار لەسەر دەستنیشانكردنی ئەو تەنە دژانەی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنان، دەیەوێت تاقیكردنەوەی لەسەر بكات.

جگە لەو كۆمپانیایانە، چەندان كۆمپانیای تر هەن، لەوانە كۆمپانیای نۆڤارتس كە ئەویش كۆمپانیایەكی سویسرییە، چووەتە پاڵ پڕۆژەی بێڵ گیتس و دەستپێشخەری داهێنانی ڤاسكینی دژە كۆرۆنا. ئێستە كار دەكات بۆ تاقیكردنەوەی پێشكەوتوو لەسەر تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا. 

كۆمپانیای گلاسكۆ سیمس كلاین، ئەویش كۆمپانیایەكی بەریتانییە و چووەتە ناو پڕۆژەی بیڵ گیتس، كاری ئەو كۆمپانیایە دابینكردنی پێداویستییەكانی لێكۆڵەران و خستنەڕووی دەرمانەكانیەتی كە ئایا دەگونجێت دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكار بهێنرێت یان نا.

كۆمپانیای ئابسین، یەكێكی ترە لەو كۆمپانیایانەی كە ملیۆنێك یۆرۆی داوەتە پەیمانگەی باستوور بۆ پشتگیری لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

كۆمپانیای روش كە كۆمپانیایەكی سویسرییە، ئەویش كار لەسەر بەكارهێنانی ڤاسكینی ئەكتیمرا دەكات وەك چارەسەرێك بۆ كێشەی تەنگەنەفەسی لە رێڕەوی هەناسەدانی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

دەرمانی ئەو كۆمپانیایە لەلایەن چین رەزامەندی بەكارهێنانی لەسەر دراوە، هاوكات كۆمپانیاكە ئێستە لە هاوئاهەنگیدایە لەگەڵ ئەمەریكا بۆ بەكارهێنانی دەرمانەكانی لەو وڵاتەش.

كۆمپانیای تاكیدای ژاپۆنی، یەكێكی ترە لە كۆمپانیاكانی كار دەكات بۆ دۆزینەوەی ڤاسكینی دژە كۆرۆنا. ئەو كۆمپانیایە كار دەكات لە دۆزینەوەی چارەسەر لە خوێنی ئەو تووشبووانەی ڤایرۆسی كۆرۆنایان گرتووە و چاك بوونەتەوە.

كۆمپانیای ریجینیرۆنی ئەمەریكی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی ئەمەریكی كار لەسەر پێشخستنی چارەسەرییەكان دەكات، لەگەڵ كۆمپانیای سانوفی فڕەنسی دەستیان كردووە بە تاقیكردنەوەی ڤاسكینی "Kevzara".

لای خۆیەوە كۆمپانیای گیلیاد ساینسز كە ئەویش كۆمپانیایەكی ئەمەریكییە، هەوڵەكانی گەیشتووەتە ئاستی تاقیكردنەوەی ڤاسكینی ریمدیسیڤیر لە زۆر لە وڵاتان. ڤاسكینی ئەو كۆمپانیایە قۆناغێكی پێشكەوتووی بڕیوە و ئێستە لە تاقیكردنەوەدایە.

یەكێتی پیشەسازییەكان و كۆمەڵەی دەرمانخانەكانی ئەوروپی، پشتگیری لە بەرنامەی گەڕان دەكات بۆ خێرا دۆزینەوە و پێشخستنی ڤاسكینێك دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

كۆمپانیای فایزر، یەكێكی ترە لە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان و دەستی كردووە بە هەڵسەنگاندنی سەرەتایی بۆ هەندێك لە ڤاسیكنەكانی دژە ڤایرۆس بۆ بەركاهێنانی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ ئەمەش پلانێكی داڕشتووە دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە 19ـی كانوونی یەكەمی 2019 لە شاری ووهان لە چین بڵاوبووەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی چین تا كۆتایی مانگی كانوونی دووەم دواخست.
بەپێی دوایین ئاماری فەرمی، ملیۆنێك و 484 هەزار و 811 كەس لە سەرانسەری دنیا ڤایرۆسی كۆرۆنایان گرتووە، لەم ژمارەیەدا 88 هەزار و 538 كەس گیانیان لەدەست داوە، 329 هەزار و 867 كەسیش چاك بوونەتەوە.



وشە - فه‌رمان سادق