لە دوای هەڵبژاردنی ئایاری 2018، ململانێی دەسەڵات لە عێراق بە پێكهێنانی حكوومەت كۆتایی نەهات، ئەوان كێشەكەیان یەكلا نەكردەوە و تا ئێستەیش عێراق باجەكەی دەدات، ئەوكات شیعە نەیانتوانی ناكۆكییەكانیان چارەسەر بكەن و تەنیا سازانێكی ناچارییان لەسەر كاندیدی سەرۆك وەزیران كرد، هەمووان مەرجیان بۆ دیاری كرد، بۆیە كە بەدڵی ئەوان هەڵسوكەوتی نەكرد، ناچاری دەستلەكاركێشانەوەیان كرد، ئەوەیان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بوو، دوای چەند مانگێك لە پشێوی محەمەد تۆفیق عەلاویان بە ناچاری دیاری كرد و هەرخۆیان شكستیان پێ هێنا، ئەمڕۆیش هەمان شت لەگەڵ عەدنان زورفی دووبارە دەبێتەوە.
مەرجی هێزە گەورەكان هەر سەرۆك وەزیرانێك قۆڵبەست دەكات
بۆ تێگەیشتنی كێشەی راستەقینەی عێراق و هۆكاری شكستهێنانی ئەو كەسایەتیانە كە هەموویان وەك لە ژیاننامەیان دیارە كەسی شارەزان، دەتوانین لە سەیركردنی نامەی دەستكێشانەوەیان تێبینی سێ راستی بكەین، یەكەمیان هۆكاری شكستهێنانیان كەسی نییە و هۆكار حزبەكانن، دووەم ئەوان بەجوانی كێشەكانی عێراق باس دەكەن و بە زەحمەتی دەزانن كە چارەسەر بكرێت، بەتایبەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە، سێیەم بۆ داهاتوو ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی ئەوان بۆ كەسی دوای خۆیان هەیە، ئەگەر نەتوانێت گەورەكان رازی بكات.
دوای ئەوەی خۆپێشاندانەكانی عێراق لە سەرەتای تشرینی یەكەمی 2019 دەستی پێ كرد و سەرانسەری عێراقی گرتەوە، دەركەوت كە هێزە شیعەكان رۆڵی گەورەیان هەبوو لە ناڕەزایەتییەكان و ململانێیەكی گەورەی ئەوانیش لەناو ناڕەزایەتییەكان، یەكلا دەكرایەوە، بۆیە عادل عەبدولمەهدی لەلایەن بەشێك لەو هێزانە بەناوی جەماوەرەوە ناچاری دەستكێشانەوە كرا، دوای ئەوەی نەیتوانی هێزە سەرەكییەكان رازی بكات، ئەو زیرەكانە وانەكە تێگەیشت و لەوەیش دڵنیا بوو كە رێككەوتنی ئەوان و سەقامگیریی دۆخی عێراق زەحمەتە، بۆیە لە 29ی تشرینی دووەمی 2019 نامەیەكی هێمنانەی دەستلەكاركێشانەوەی نووسی، تەنیا داوای زوو دیاریكردنی كاندیدێكی سەرۆك وەزیرانی نوێی كرد بۆ گرتنە دەسەڵات لەو قۆناغە هەستیارەدا.
دوای ئەو دەستلەكاركێشتەوە، مشتومڕ بەردەوام بوو بۆ دۆزینەوەی شوێنگرەوەی عەبدولمەهدی و لە سەرەتای شوبات محەمەد تۆفیق عەلاوی هاتە راسپاردن، ململانێی حزبەكان بەردەوام بوو تا شكست پێهێنان و ناچاری دەستكێشانەوەی لە سەرەتای ئادار، دوای چەندان كۆبوونەوەی هێزە شیعەكان نەیانتوانی بگەن بە رێككەوتن لەسەر شوێنگرەوەیەك بۆ عەلاوی، تا لە 16ی ئادار، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار دوور لە شیعەكان عەدنان زورفی بۆ پێكهێنانی حكوومەت راسپارد، ئەو راسپاردنە شیعەكانی ناچاری رێككەوتن لەسەر كاندیدێكی كۆنە نەیاری خۆیان كردەوە بۆ پۆستەكە كە مستەفا كازمییە، بۆیە ئەمڕۆ زورفی ناچاری دەستكێشانەوە كرا.
لەگەڵ ئەوەی بەشێك لە شارەزایان پێیان وایە كە رەنگە مستەفا كازمیش، دوایین كاندید نەبێت و ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی لێ دەكرێت، بەڵام ئەگەر سەیری نامەی دەستلەكاركێشانەوەكان بكرێت، كێشەكان و سەختی ئەو بابەتە دیار دەكەوێت.
دوای شكستهێنانی و كاندیدكردنی زورفی، محەمەد عەلاوی نووسیویەتی، زورفی كەوتووەتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەخت، یان دەبێت حزبەكان لەسەر بنەمای بەشبەشێنە رازی بكات، بەوەیش گەندەڵی بەردەوام دەبێت و ئابووریی وڵات دەرووخێت، یان وەزیرانی پاك دیاری دەكات و حزبەكان رێگری لێ دەكەن و شكستی پێ دێنن.
بەر لەوەیش عەلاوی لە نامەی دەستكێشانەوەی گوتبووی، ئەو كاتەی بەرپرسیارەتییەكەم وەرگرت، بەڵێنم دابوو كە لەكاتی بوونی گوشار بۆ رێگرتن لە پێكهێنانی حكوومەتێكی سەربەخۆ واز دێنم، من دەمزانی كە سووربوونم لەسەر سەربەخۆیی وەزیرەكان باجەكەی تێپەڕ نەكردنی حكوومەتەكەمە، چونكە ئەوانەی گەندەڵ و تایفین و زەرەر دەكەن، ئەگەر سازشم بۆیان بكردایە ئێستە وەك سەرۆك وەزیران دەستبەكار دەبووم.
عەلاوی ئاشكرای دەكات كە چەند لایەنێكی سیاسی لە بەڵێنەكان بۆ جەماوەر راستگۆ نین و ئەوان چاكسازیان ناوێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەك رێگە لە پێكهێنانی حكوومەت دەگرن، لەوكاتەی عەدنان زورفی ئەمڕۆ لە نامەی دەستكێشانەوەی گوتی، لە ماوەی رابردوو كارم كرد بۆ بنیاتنانی سیاسەتێكی دروست لە عێراق لەسەر بنەمای هاوبەشی ئابووری لەگەڵ وڵاتان و رێكخستنەوەی كاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و پاشەكشەكردنی و دامەزراندنەوەی تواناكانی سوپای عێراق.
بە تێبینیكردنی ئەوەی رۆیشت دەردەكەوێت، كە ئێستە ناوماڵی شیعە گوشاری ئێران كۆی كردبوونەوە و بۆ لەمەودوا بەهۆی نەمانی قاسم سلێمانی، ئیتر ناتوانن یەكگوتار و یەكهەڵوێست بن و ململانێی كەسی و حزبیان لەسەر دەسەڵات و رابەرایەتیكردنی ئەو پێكهاتەیە بە ئێران چارەسەر نابێت، كە رەنگە بۆ جەنگێكی ناوخۆیی هەنگاو بنێت.
جیا لەوەیش رێككەوتنیان لەسەر كازمی، كاتییە و ئەكەر سەریش بگرێت، بە ئاسانی تێكدەچێتەوە و حكوومەتێكی لاواز لەبەرانبەر حزبە شیعە دەسەڵاتدارەكان و خاوەن میلیشیا دروست دەبێت، شیعەكان بەو ململانێیە توانیان پەرەدەپۆشی ئەو هەموو كوشتارەی خۆپێشاندەران و ساڵانێك لە گەندەڵی و هەڵدانەوەی دۆسییەكان بكەن، بەڵام لە جموجۆڵەكانی دوایی ئەمەریكا و هاوپەیمانان و خۆدوورخستنەوەیان و تۆكمەكردنی پارێزراویان، ئەگەری داهاتوویەكی تاریك بۆ عێراق هەیە، چونكە حزبە شیعەكان ئیتر ناتوانن كۆنترۆڵی ناكۆكییەكانیان بكەن و تەنانەت ناشیانەوێ هەڵبژاردن و چاكسازی بكرێت، بۆیە ئەگەرێكی بەهێزی تەقینەوەی دۆخەكە دەكرێت و كێشەكە بە كازمی و ئەوەی دوای كازمیش چارەسەر نابێت.