عێراق.. هۆكارەكانی پاڵپشت بۆ سەركەوتنی مستەفا كازمی

:: PM:07:11:09/04/2020 ‌

عێراق بەدەست چەندان تەنگژەوە دەناڵێنێت، لەوانە سیاسی و ئابووری و تەندروستی، جیا لەوەی شەقامێكی ناڕازی داوای گۆڕانكاری دەكات، مستەفا كازمی، راسپێدراوی نوێ بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بەڵێنی چارەسەركردنی تەنگژەكانی وڵات دەدات، چەند هۆكارێك هەن كە یارمەتی سەركەوتنی لە ئەركەكەی و پێكهێنانی حكوومەتەكەی دەدەن، لەپێشەوەیان كۆدەنگیی هێزە گەورەكان.
كازمی دەتوانێت هاوكێشەكان هاوسەنگ بكات؟
مستەفا كازمی لە 2016 وەك سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق دەست بەكار بووە، ئەو كەسێكی لە راگەیاندن دوورە، دوای راسپاردنی بەڵێنی پێكهێنانی حكوومەتێك بە خواستی عێراقییەكان داوە، جیا لەوەی سەروەریی عێراق بپارێزێت و كار بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكان بكات، رەوڕەوەی ئابووریش بەرەو پێش ببات. 

چەند خاڵێكی بەهێز هەن كە پاڵپشتی لە تێپەڕاندنی حكوومەتی كازمی و سەركەوتنی دەكەن، لەوانە بوونی وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆ و پاڵپشتیكردنی لەلایەن هەمووان بە لایەنگرانی ئێرانیشەوە، جگە لە كورد و سوننە و نەتەوە یەكگرتووەكانیش، سەرەڕای ئەوەی بە كەسایەتییەكی نزیك لە ئەمەریكا ناسراوە.

ئەسعەد جەنابی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، كازمی بەهێزترین دەزگەی هەواڵگری لە عێراق بەڕێوە دەبات و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق قبووڵكراوە، چەندان هۆكار هەبوون كە چانسی كازمیان بۆ كاندیدكردن زیاتر كرد، لەوانە هاوكێشەی سیاسی لە عێراق لە دوای ناڕەزایەتییەكان، بۆیە هێزە سیاسییەكان ناچار بوون بۆ پاڵپشتیكردنی كەسایەتییەك شەقام پێی رازی بێت.

زیاتر گوتی، ئەو لە دەزگەی هەواڵگری كاری كردووە و زانیاری لەسەر هەموو هێزە سیاسییەكان و میلیشیاكان هەیە، هاوكات پێوەندی ناوخۆیی و دەرەكی بەهێزی هەیە و ئەوانەیش لە بەرژەوەندی ئەون، جیا لەوەی بوونی وەك كاندید نوێ نییە و پێشتر ناوی خراوەتە روو، تەنانەت لەلایەن مەرجەعیەتی نەجەف بۆ سەركرایەتیكردنی دۆخەكە لە قۆناغی دوای داعش لە عێراق.

دوای ئەوەی بەر لە مانگێك كازمی لەلایەن حزبوڵاوە بەوە تاوانبار كرا كە دەستی هەبووە لە كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، ئەو سەردانی بەیرووتی كردووە و دۆخەكەی چاككردووەتەوە، تەنانەت سەردانی دوایی ئیسماعیل قائانی سەرۆكی فەیلقی قودس چانسی لە كاندیدبوون زیاتر كرد، بەوەی ئێران دەیەوێت دۆخەكە لە ناوچەكە هێور بكاتەوە و لەو چوارچێوەیش كازمی دیاری كراوە. 

بەگشتی، كازمی توانوویەتی سێ پاڵپشت بۆخۆی دروست بكات، ئەوانیش پێوەندی بەهێز لەگەڵ ئەمەریكا، بەتایبەتی لەكاتی جەنگی داعش و كوشتنی ئەبو بەكر بەغدادی سەركردەكەی، دووەم بەهێزكردنەوەی پێوەندی لەگەڵ ئێران و بەدەستهێنانی متمانەی تاران، بەوەی دەتوانێت تەنگژەكانی عێراق چارەسەر بكات، سێیەم بوونی پێوەندییەكی زۆرباش لەگەڵ سعوودیە، بەتایبەتی كە پێوەندی دۆستانەی لەگەڵ محەمەد كوری سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە هەیە.

بەڵام جەنابی نایشارێتەوە كە، هۆكاری هێنانەپێشەوەی كازمی بۆ لێخستنی عەدنان زورفی بوو، رەنگە هەوڵێكیش بێت لەلایەن میلیشیاكانەوە بۆ كاتكوشتن كە دەیانەوێت عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە، درێژترین ماوە بەردەوام بێت، بەوپێیەی زیاترین خزمەتی پێشكەیش بەوان كردووە. 

مایكل نایتس، نووسەری ناودار لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك دەڵێت، كازمی كەسێكی هۆشیار و چاوكراوەیە و زۆر باش بیر دەكاتەوە، ئەو دەتوانێت هاوسەنگی لەبارەی هەوڵەكانی ئێران بۆ كاركردنی لە دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق، دروست بكات، ئەو لە تویتێك نووسیویەتی، ئەو كەسێكی بەزەحمەت و لەسەرخۆیش نییە، ئەو تێكەڵێكە لەو دوو حاڵەتە و دەتوانێت ئێستە سوودی بۆ عێراق هەبێت، دووپاتی كردەوە كە بێگومان پێوەندی بەغدا و واشنتن لەكاتی تێپەڕبوونی روو لە باشی دەبێت، چونكە بواری گفتوگۆ، بەتایبەتی لە بارەی یارمەتیە ئابوورییەكان و بەخشینی عێراق لە سزاكانی سەر ئێران و پاڵپشتیی سەربازی، زیاتر دەبێت. 

 
لەوكاتەی كازمی 30 رۆژی لەپێشە، واتە تا 9ی ئایاری داهاتوو بۆ پێشكەیشكردنی كابینەی حكوومەتەكەی بۆ پەرلەمان بەپێی دەستووری عێراقی، سەرچاوەیەكی نزیك لێی گوتی، كابینەی حكوومەت و بەرنامەی حكوومەتەكە لە ماوەی سێ هەفتەی تر ئامادە دەبن، بەڵام ئەوە مانای نەمانی بەربەست و كێشەكانی رووبەڕووی كاندیدانی پێش كازمی دەبوونەوە نییە، چونكە تا ئێستەیش پاشەكشەی هێزە بیانییەكان و ئەمەریكی مەرجی هێزە شیعەكانە، جیا لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و نەبوونی بودجە و داواكاری خۆپێشاندەران و دەیان دۆسیەی تری گرنگ.

باسم خەشان، پەرلەمانتاری عێراق دوای راسپاردنی كازمی رای گەیاند، ئەگەر ئەو پابەندی رێككەوتنی لەگەڵ هێزە سیاسییەكان نەبێت، چارەنووسی هاوشێوەی زورفی دەبێت، چونكە خاوەنی هیچ باگراوەندێكی سیاسی نییە و راسپاردنیشی بە سازانی سیاسی هاتووە بەوەی پێویستە ئەو قۆناغە تێپەر بكرێت، بۆیە كابینەی حكوومەتەكەی زۆرینەی وەزیرەكانی عەبدولمەهدی لەخۆ دەگرێت، ئەگەر گۆڕانكاریش هەبێت لەلایەن هێزە سیاسییەكان خۆیانە و كازمی هیچ وەزیرێك بێ رێككەوتن لەگەڵ هێزە سیاسییەكان دیاری ناكات.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل