ئەفریقییەك دەبێتە شاجوانی ئەمەریكا

:: AM:10:26:11/11/2020 ‌
دوای ئەوەی بۆ چەند مانگێك رێوڕەسمی شاجوانی 2020ی ئەمەریكا دوا دەخرا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دواتر كچێكی ئەفریقایی "ئایشا براچ" تاجەكەی لەسەر كرد و بووە شاجوانی 2020ی ئەمەریكا.

پێگەی "ئەلعەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 11ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، رێوڕەسمی شاجوانی ئەمەریكا لە كۆشكی "گرایسلاند"ی هونەرمەندی كۆچكردوو "ئەلفیس بریسلی" لە ویلایەتی تینیسی بەڕێوە چوو، كچێكی ئەفریقایی تاجەكەی كردە سەر.

لەو رێوڕەسمەدا شاجوانی ویلایەتی میسیسیبی /22 ساڵ/ بە شاجوانی 202 هاتە هەڵبژاردن كە بەڕەگەز ئەفریقاییە. شاجوانی ویلایەتی ئەیداهۆ دووەم و شاجوانی ویلایەتی ئۆكلاهۆما بە سێیەم دەرچوون.

ساڵانە هەر ویلایەتێك لە ئەمەریكا شاجوانی تایبەتی خۆی دەبێت، دواتر بۆ شاجوانی ئەمەریكا، شاجوانەكانی ویلایەتەكان دەكەونە پێشبڕكێ و یەك لەوان بە شاجوانی ئەمەریكا دێتە هەڵبژاردن و تاجەكە دەكاتەسەر.

ئەو تاجەی بۆ شاجوانی ئەمەریكا دەكرێتە سەر، لە زێڕی سپی "پلاتین" دروست كراوە و پێنج پارچە بچووكی ئەڵماسی تێدایە. ئەو تاجە تەنیا هێمایە بۆ شاجوانی ئەمەریكا، بۆ ساڵی دواتر دەكرێتە سەر ئەو كەسەی دەبێتە شاجوان. لە ساڵی 1952ەوە ئەو تاجە دەستاودەست دەكات.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د