پێگه‌ی
كۆڤێنتری لایڤ بابه‌تێكی له‌باره‌ی دوو ژنی كورد بڵاو كردووه‌ته‌وه، كه به‌ر له بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆڕۆنا به ڤیزای گه‌شتیاری ڕوویان له به‌ریتانیا كردووه، بۆ سه‌ردانی كه‌سوكاریان، به‌ڵام به‌هۆی كۆرۆنا گیریان خواردووه و نه‌یانتوانیوه بگه‌ڕێنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رقاڵ بن، ده‌ستیان به سه‌وزكردنی باخچه‌ی ماڵه‌وه كردووه و توانیویانه كێڵگه‌یه‌كی كشتوكاڵی بچووكی لێ دروست بكه‌ن و ماڵپه‌ڕه‌كه به ناونیشانی "داپیره په‌نجه سه‌وزه‌كان" چیرۆكی ئه‌و دوو ژنه‌ی كوردی بڵاو كردووه‌ته‌وه.
سه‌بریه دایكی میهره‌بانه كه له 2000ه‌وه وه‌ك په‌نابه‌ر رووی له به‌ریتانیا كردووه و پووریشی به ناوی فاتیمه به‌ر له‌وه‌ی كۆرۆنا به جیهان بڵاو ببێته‌وه، ڤیزای گه‌شتیارییان وه‌رگرتووه و هاتوونه‌ته به‌ریتانیا و له ماڵی كوڕه‌كه‌یان ماونه‌ته‌وه، میهره‌بان هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ تاران كردووه و خاوه‌نی دوو منداڵن و له ناوچه‌ی تایل هیلی شاری كۆڤێنتری ده‌ژین.
به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له به‌ریتانیا گه‌شتیارێكی زۆر له به‌ریتانیا گیریان خواردووه و نه‌یانتوانی بگه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان، له ئه‌نجامی داخستنی ژیان و فڕۆكه‌خانه‌كان، بۆیه ڤیزای گه‌شتیاریان بۆ درێژكرایه‌وه، تا دۆخه‌كه ئارام ده‌بێته‌وه و ئه‌وكات ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان.
سه‌بریه و فاتیمه یه‌كێكن له‌و دوو گه‌شتیاره، پاش ئه‌وه‌ی بێ ئومێد بوون له‌وه‌ی بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه شاری سلێمانی له هه‌رێمی كوردستانی عێراق، به ناچاری له ماڵی كوڕه‌كه‌یان مانه‌وه، میهره‌بان و تارای هاوسه‌ری به‌هۆی كاركردنه‌وه زۆر كه‌م كاتیان هه‌بووه باخچه‌ی ماڵه‌كه‌یان نۆژه‌ن و سه‌وز بكه‌نه‌وه، دوو منداڵه‌كه‌یشیان به‌رده‌وام كێشه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌بووه كه فێری زمانی دایك و باوكیان ببن، ئه‌مه بووه‌ته ده‌رفه‌تێكی مه‌زن، تا منداڵه‌كانیان لای دایكی میهره‌بان و پووری له ماڵه‌وه جێ بهێڵن، چونكه قوتابخانه‌یش له سه‌رتاسه‌ری به‌ریتانیا داخران، هه‌م منداڵه‌كانیان له‌و ماوه‌یه فێری زمانی كوردی ببن، هه‌میش له‌سه‌ر داوای دایك و پووری میهره‌بان كه‌لوپه‌لی پێویستی بۆ هێنان تا له باخچه‌ی ماڵه‌كه‌یان خه‌ریكی چاندنی گوڵ و به‌روبوومی كشتوكاڵی بن.
به‌هۆی كۆرۆنا نه‌یانتوانی بگه‌ڕێنه‌وه كوردستان و باخچه‌ی ماڵی كوڕه‌كه‌یان كردووه‌ته كێڵگه‌یه‌كی كشتوكاڵی
میهره‌بان ڕه‌سوول بۆ پێگه‌ی كۆڤێنتری لایڤ گوتی، له ڕاستی كارێكی جیاواز و نموونه‌ییان كرد و له‌و ماوه كه‌مه توانیان باخچه‌ی ماڵه‌كه‌مان پڕ بكه‌ن له گوڵ و به‌رووبوومی كشتوكاڵی، ئه‌وان زۆر جۆره به‌روبوومی خواردنیان چاندووه و ئێسته خه‌ریكه به‌رهه‌م بده‌ن و له باخچه‌ی ماڵه‌وه‌مان ته‌ماته و به‌روبوومه كشتوكاڵییه‌كانی ترمان ده‌ست ده‌كه‌وێت.
زیاتر گوتی، ئه‌وان جۆره‌ها ڕووه‌كی به‌رهه‌مداریان چاندووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سندووقی دارینیان دروست كردووه و سه‌وزه و ته‌ڕه‌یان له نێو چاندووه و باخچه‌كه‌یان بۆ كردووین به كێڵگه‌یه‌كی پڕ به‌رهه‌م.
ئه‌و هاووڵاتییه كورده ده‌ڵێ، له چه‌ند ساڵی ڕابردوو كاتێك یادی له دایكبوونی منداڵه‌كه‌مان ده‌هات، ئه‌وان هه‌میشه گله‌ییان ده‌كرد، كه بۆچی وه‌ك منداڵانی تر، داپیره و باپیره و خزم و كه‌سه‌كانیان به‌شداری ئاهه‌نگی یادی له دایكبوونیان ناكه‌ن، ئێمه‌یش بێ وه‌ڵام ده‌ماینه‌وه، یان بۆمان ڕوون ده‌كردنه‌وه كه ئه‌وان له وڵاتی یه‌كه‌می خۆمانن، به‌ڵام ئه‌مساڵ منداڵه‌كان زۆر خۆشحاڵن و زۆر دڵشادن به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ داپیره‌یان و پوورم و خۆم و خێزانه‌كه‌م و هاوڕێكانیان یادی له دایكبوونیان كرده‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مه ده‌رفه‌تێكی زۆر گونجاو بوو، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانم به دایكم و كه‌سوكاری خۆمان زیاتر ئاشنا بن.
میهره‌بان به‌هۆی ئه‌وه په‌نابه‌ری سیاسییه ناتوانێ بگه‌ڕێته‌وه زێدی خۆی، ئه‌و ده‌ڵێ، هه‌موو كات هانی منداڵه‌كانم ده‌ده‌ن تا بچنه‌وه سلێمانی و كوردستان تێكه‌ڵی كه‌سوكاری من و هاوسه‌ره‌كه‌م ببن، به‌ڵام به‌هۆی خوێندنه‌وه كاتی زۆریان له‌به‌رده‌ست نییه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زمانی كوردیش كه زمانی یه‌كه‌می من و دایكیانه به باشی نایزانن، به‌ڵام ئێسته به‌هۆی دایكم و پوورمه‌وه كه هه‌ر ته‌نیا كوردی ده‌زانن، منداڵه‌كانم ناچارن زیاتر به كوردی قسه بكه‌ن و زمانیان به‌ره‌و باشبوون بچێت.
سه‌برییه‌ی دایكی میهره‌بان پێشتر له گوندێك ژیاوه و دواتر هاتووه‌ته سلێمانی، ئه‌و ده‌ڵێ: له گوند ته‌ماته و خه‌یار و به‌رووبوومه كشتوكاڵییه‌كانمان ده‌چاند و خه‌ریكی كشتوكاڵی بووین، ئه‌مه بۆ 30 ساڵ پێش ئێسته ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆیه ئێسته‌یش له‌یادمان ماوه كه چۆن به‌رووبوومه كشتوكاڵییه‌كان ده‌چێنرێ و به‌شێوه‌یه‌كی خێرا گه‌شه‌یان پێ ده‌كرێ و به‌رهه‌م به ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن.
میدیایه‌كی به‌ریتانی به بایه‌خه‌وه باس له‌و كاره‌یان ده‌كات و به داپیره په‌نجه سه‌وزه‌كه ناوی بردوون
له كۆتاییدا ماڵپه‌ڕه‌كه ئاماژه‌ی داوه، كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له به‌ریتانیا زۆر چالاك و پێشكه‌وتوون و له زۆربه‌ی سێكته‌ره‌كان خزمه‌تی كه‌رتی كاری به‌ریتانیا ده‌كه‌ن و میهره‌بان سه‌ره‌تا له كارگه‌یه‌ك ده‌ستی به‌كار كرد و دواتر وه‌ك وه‌رگێڕی ڕاسته‌وخۆ كاری كردووه و ئێسته‌یش به‌رده‌وامه له كاركردن، هاوسه‌ره‌كه‌یشی تارا به‌رده‌وامی به خوێندن دا و ئێسته خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دكتۆرایه و ئه‌وان خانه‌واده‌یه‌كی خنجیلانه و پێشكه‌وتوون، ئه‌وه‌ی كه لێیانه‌وه كه‌مه، دوورییانه له كه‌سوكاریان، بۆیه هاتنی دایك و پووری میهره‌بان سه‌رده‌مێكی زۆر خۆشه له ژیانی ئه‌وان دا.