شۆفێرانی هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی نێوان هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك، به‌غدا و كه‌ركووك له گه‌راجی هه‌ولێر، گرد بوونه‌ته‌وه و داوایه‌ك ئاراسته‌ی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی ڕێی نێوان شاره‌كان و ده‌ستكردنه‌وه به‌كاره‌كانیان.
داوایه‌ك ئاراسته‌ی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن
ئه‌مڕۆ پێنشجه‌م شه‌شی ئاب، سه‌ركه‌وت عه‌بدولقادر به‌رپرسی هێڵی گواستنه‌وه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماوه‌ی چوار مانگه ئێمه به فه‌رمانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق كاركردنمان وه‌ستاندووه و ڕێنوێنییه‌كانمان وه‌ك خۆی جێبه‌جێ كردووه، ئه‌مه‌یش به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌یه، به‌ڵام داوا له‌لایه‌نی پێوه‌نیدار ده‌كه‌ین ڕێیه‌كان بكه‌نه‌وه، چونكه هه‌موو كه‌س ده‌توانێت تاكپارێزی بكات و خۆی بپارێزێت و پابه‌ندی رێنوێنییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بێت."
لای خۆیه‌وه محه‌مه‌د ڕه‌حمان شۆفێری هێڵی كه‌ركووك و هه‌ولێر ڕای گه‌یاند، "داوامان كردووه ڕێیه‌كان بكرێنه‌وه، چونكه به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه له مانگی 13ی ئاداری ئه‌مساڵه‌وه داخراون و كارمان نه‌كردووه، سه‌رجه‌مان له ماڵه‌وه‌ین و هیچ داهاتی ترمان نییه، پێویسته حكوومه‌ت كارئاسانی بكات".
ئه‌و شۆفێره گوتی، "له سنووری سلێمانی و كه‌ركووك و ڕانیه و قه‌ڵادزێ و پێنجوێن و هه‌ڵه‌بجه و سه‌یدسادق، ڕێیه‌كان كراونه‌ته‌وه و هاووڵاتییانی عه‌ره‌ب به‌بێ پشكنین ته‌نیا به پێدانی بڕه پاره‌یه‌ك له بازگه‌ی تاسڵووجه ده‌چنه سلێمانی، به‌ڵام له هه‌ولێر داخراوه، ته‌نیا ئێمه زیانمه‌ندی یه‌كه‌مین".
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، ئێسته دوو هه‌زار و 224 تاكسی له‌و هێڵانه كار ده‌كه‌ن، رێیه‌كانیش به فه‌رمانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق داخراون، به‌ڵام به‌رده‌وام گله‌ییه‌كان له‌سه‌ر بازگه‌كانی سلێمانی هه‌یه كه فه‌رمانه‌كان وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ ناكه‌ن.