حوسێن لەتیف کتێبی"جەنگ نیازی ئاوابوونی نییە"ی بڵاو کردەوە

:: PM:12:05:06/08/2020 ‌
دووەمین کۆمەڵە شیعری حوسێن لەتیف نووسەر و شاعیر بە ناوی "جەنگ نیازی ئاوابوونی نییە" بڵاو کرایەوە، ئێستە لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان دەست دەکەوێت.

حوسێن لەتیف شاعیر و نووسەر، یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی ئەدەبی کوردی، توانیویەتی بە یاریکردن بە وشە و خەیاڵ و وێنەی شیعری ناوێکی دیار بۆ خۆی دروست بکات و شیعرەکانی بە ئاسانی بناسرێنەوە و مۆرکێکی تایبەتییان هەبێت.

لە زۆرێک لە دەقە شیعرییەکانیدا، شاعیر کەمترین وشە و زۆرترین وێنە و خەیاڵی فەنتازیی پێشکەش بە خوێنەر دەکات، لەم کتێبەشدا کە لە 20 تێکستی شیعری پێک هاتووە و پێشتر بەشێکیان بۆ زمانی ئینگلیزی و عەرەبی وەرگێڕدراون، خەونی کوردبوون وەک بوونێکی گەردوونی دەخاتە ڕوو.

ئەم کۆمەڵە شیعرە نوێیەم بۆنی خوێنی ژن و مناڵی کوردی لێ دێت

حوسێن لەتیف نووسەری کتێبەکە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، کتێبەکەم هیچ پێشه‌كییه‌كى بۆ نه‌نووسراوه، چونكه حەزم لە پێشەکی نییە و‌ پێم وایه‌ پێشەکی بۆ شیعر و تێکستی ئەدەبی دەبێت بە پێداهەڵگوتن، لەڕاستیدا دەق خۆی باشترین قسەکەرە لەبارەی خۆیەوە.

زیاتر گوتی: "جەنگ نیازی ئاوابوونی نییە" لە 20 دەقی شیعری پێک هاتووە و پێشتر بەشێکیان بۆ زمانی ئینگلیزی و عەرەبی وەرگێڕدراون، 11 دەقیان لەلایەن د. سالار تاوگۆزی کراون بە عەرەبی و لە ڕۆژنامەی ئەلمەشریق و ئەلنهار بڵاو کراونەتەوە، هه‌روه‌ها شەش دەقیان لەلایەن پشتیوان کەمال و خاتوو دەیڤید شوکەوە کراون بە ئینگلیزی و لە ماڵپەڕە جیهانیه‌کان بڵاو کراونەتەوە، دەقێکیش لەلایەن خاتوو ڤیەننا سەلام کراوە بە ئینگلیزى، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى لەلایەن د. ملکۆ ئەحمەد لێکۆڵینەوەیەکی پراگماتیی لەسه‌ر دەقی محەمەدی ناو ئەم کۆمەڵە شیعرییە نووسیوە، هه‌روه‌ها شاخەوان سدیق نووسەر و ڕەخنەگر لەسەر دەقی نیگەرانی بابه‌تێكى نووسیوه‌.

شاعیر له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى کتێبە شیعریه‌كه‌ى بە "وشە"ی راگه‌یاند، تێکڕای شیعرەکان لەبارەی جەنگ و قوربانیانی جەنگەوەن، ئەمەشم بە بەرنامە کردووە، ئەگەر کۆمەڵە شیعری "دەرگاکان بە زەردەخەنە دەکرێنەوە" بۆنی خوێنی ڕژاوی هەموو قوربانیانی جەنگی لێ بێت، ئەوا ئەم کۆمەڵە شیعرە نوێیەم زۆرتر بۆنی خوێنی ژن و مناڵی کوردی لێ دێت، ئەمەش گۆڕانێکە لە گوتاری شیعری مندا.

حوسێن لەتیف خاوەنی چەندان کتێبی چاپکراوی خۆیەتی و کۆمەڵە شیعری "جەنگ نیازی ئاوابوونی نییە" دووەم کتێبی شیعرییەتی لەدوای دیوانی شیعریی "دەرگاکان بە زەردەخەنە دەکرێنەوە"، پێشتریش دەزگای ڕۆژنامەوانیی "وشە" کتێبی {"روانینێك له‌ تراژیدیا" ئه‌حمه‌دی خانی و شێركۆ بێكه‌س وه‌ك تراجیدنووس}ی بۆ چاپ کردووە.


کتێبی شیعریی"جەنگ نیازی ئاوا بوونی نییە " لەم کتێبخانانەی سلێمانی دەست دەکەوێت:
کتێبخانەی ڕەهەند_ شەقامی مەولەوی، کتێبخانەی سلێمانی_تەنیشت چایخانەی شەعب، کتێبخانەی یادگار_تەنیشت گەراجی پاسەکانی ڕزگاری، کتێبخانەی غەزەلنووس، ناوەندی ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، کتێبخانەی ڕەسەن_بەرانبەر قوتابخانەی شەهید نەسرین لە دەربەندیخان.


وشە - ڕێناس شابان