بڕیاری داخستنی چەند شوێنێكی هەولێر دەرچوو

:: PM:12:14:06/08/2020 ‌
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ڕای دەگەیەنێ، لە ڕۆژانی هەینی چەندان شوێن بەپێی بڕیاری ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر قەدەغە بكرێنەوە و هاتوچۆكردنیش تێدا قەدەغە دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی ئاب، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی بڕیاری ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە رۆژانی هەینی بازاڕە میلییەكان، گۆڕەپانەكانی باڵندە، گۆڕەپانی ماتۆڕسكیل و پایسكل، پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل، بەتەواوی دادەخرێن.

ئەو شوێنانە كە كردنەوەیان قەدەغەیە، هاتوچۆكردنیش لێیان بە تەواوەتی قەدەغەیە
قایمقامی هەولێر گوتی، ئەو شوێنانە كە كردنەوەیان قەدەغەیە، هاتوچۆكردنیش لێیان بە تەواوەتی قەدەغەیە.      

ئەو بڕیارانە لە كاتێكدایە بەپێی بەیاننامەی ژمارەی 46ـی وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارەكان دەرچووە، چەندان شوێنیش تا 14ـی ئاب بەداخراوەیی دەمێننەوە وەك چایخانەكان و كافتریاكان.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، چەندان بڕیار دەرچووە و ئێستە ژمارەی تووشبووان لە هەولێر ڕۆژانە بەرەو بەرزبوونەوەیە.




وشە - رامیار جەواد