خزمەتگوزاریی كارەبا لە كوردستان باشتر دەبێت

:: PM:01:17:06/08/2020 ‌
سەرەڕای ئەوەی كە لە گەرمترین وەرز و مانگی ساڵداین، كەچی دۆخی كارەبا لە هەرێمی كوردستان زۆر باشە و نزیكەی 20 سەعات كارەبای نیشتمانی دابین دەكرێ. گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێ كار بۆ باشتركردنی خزمەتگوزارییەكە و دابەزاندنی بەكارهێنانی كارەبا دەكەن.

زۆری یان كەمیی پێدانی سەعاتەكانی كارەبای نیشتمانی گرێ دراوە بە ئاستی داخوازی و بەكاربردنی كارەبا، لە هەرێمی كوردستان هەر كاتێك داخوازی و خستنەڕوو هاوئاست بوون، ئەوا 24 سەعات كارەبای نیشتمانی دابین دەكرێت.

ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، تێكڕای داخوازی كارەبا لە كوردستان لە ساڵدا چوار هەزار و 300 مێگاواتە لە سەعاتێكدا، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە قەبارەی بەرهەمهێنان بۆ ئەو ئاستە بەرز بكەنەوە.

وەك زیاتر خستیەڕوو ئێستە سێ هەزار و 500 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام ئاستی داخوازی دەگاتە چوار هەزار و 800 مێگاواتە، بۆیە نزیكەی 20 سەعات كارەبا بۆ هاونیشتمانیان دابین دەكرێت. 

لەم دوو وەرزەدا دەتوانن سەعاتی زیاتری كارەبای نیشتمانی دابین بكەن.

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا، لە پایز و بەهاردا ئاستی داخوازی لەسەر كارەبا كەم دەبێتەوە، چونكە هیچ ئامێرێكی گەرمكەرەوە و ساردكەرەوە پێ ناكرێن و لەم دوو وەرزەدا دەتوانن سەعاتی زیاتری كارەبای نیشتمانی دابین بكەن.

ئەو پێشبینی دەكات لە مانگی داهاتووەوە لەگەڵ دابەزینی پلەكانی گەرمی، زیاتر لەو بڕە كارەبایە دابین بكەن كە ئێستە بۆ هەرێمی كوردستان دابینیان كردووە.

یەكێك لەو پڕۆژانەی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی داخوازی و نەهێشتنی زێدەڕۆ پشتی پێ دەبەستێت، پڕۆژەی پێوەری زیرەكی كارەبایە و لە داهاتوودا خزمەتگوزاری باشتری كارەبا پێشكەش بە هاووڵاتییان دەكرێت.


وشە - سلێمان تاشان