هۆكاری ناڕەزایەتی كورد لەسەر یاسای هەڵبژاردنی عێراق ئاشكرا دەبێت

:: PM:03:29:06/08/2020 ‌

لەوكاتەی گفتوگۆیەكی چڕ لە نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ تەواوكردنی گۆڕانكارییەكانی یاسای هەڵبژاردنی عێراق هەیە، بەتایبەتی دوای دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكە لە حوزەیرانی 2021، مەیادە نەجاڕ، پەرلەمانتاری كورد هۆكاری ناڕەزایەتی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەبارەی یاساكە ئاشكرا دەكات. 
دەنگی كورد بەفیڕۆ دەچێت و چەندان كورسی لەدەست دەدات
نەجاڕ، ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، لە حاڵەتی زیادكردنی بڕگەی فڕە بازنەیی بۆ یاسای هەڵبژاردنی عێراقی، ئەوە بەهیچ شێوەیەك خزمەت بە كاندیدانی سەربەخۆ ناكات، وەك كورد لەبەر چەند هۆیەك بە یاساكە ناڕازین، گرنگترینیان ناوچە كێشەلەسەرەكانە كە سەرژمێرییەكی وردی دانیشتوانی نییە، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن كوردسییەكان حسێب دەكرێن، لەوكاتەی چەندان گوند و شارەدێ هەن كە فرە كارگێڕین.

روونی كردەوە، تا ئێستە دۆخی ناوچە كێشەلەسەرەكان چارەسەر نەكراوە و پێویستە مادەی 140ی دەستوور جێبەجێ بكرێت و بوونی كارگێڕی و تەناهی كوردی لەو ناوچانە هەبێت وەك دەستوور دیاری كردووە، ئاماژەی كرد، دەبێت بەڕێوەبردنی هاوبەش هەبێت، بۆیە چۆن هەڵبژاردنێكی لەو شێوەیە لە سایەی بەسەربازیكردنی شارەكان دوور لە ساختەكاری و بەفیڕۆچوونی دەنگی كورد، بەڕێوە دەچێت. 

لەوكاتەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق لەسەر بڕگەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردن ناكۆكن، هەینی رابردوو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق مانگی حوزەیرانی 2021ی وەك وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل