هێزی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکان جێگیر دەکرێن

:: PM:04:01:06/08/2020 ‌

 

جێگری سەرۆک ئەرکان بۆئۆپراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، بڕیاردراوە ھێزی پێشمەرگە وھێزی عێراقی لەبارەی ھەموو ئەو ناوچانەی بۆشایی تەناهییان ھەیە راپۆرت ئامادە بکەن وبیخەنە بەردەم ھەردوو لیژنەی باڵای پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی بەھێزی ھاوبەش پری بکەنەوە.
بڕیارەکە کەرکووکیش دەگرێتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی ئاب، لیوا قارەمان کەمال جێگری سەرۆک ئەرکان بۆ ئۆپراسیۆنەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە"وشە"ی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ھەردوو شاندی ھەرێم و بەغدا لە بواری سەربازی، یەکەم خاڵ کە باس کرا پرکردنەوەی بۆشایی تەناهی نێوان ھێزی پێشمەرگەوھێزی عێراقی بووە و لە یەکەم کۆبوونەوەی ساڵی پاریش باس لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە کرا، ئەوکات پێنج لیژنەی لاوەکی دروست کران کە رووپێو بکرێت لە ھەموو ناوچەکان دواتر ھیچ کارێکی بۆ نەکرا .

زیاتر روونی دەکاتەوە، لەدوای کۆبوونەوەی نێوان پێشمەرگە وسوپای عێراق ھەموو بەرپرسی میحوەرەکانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق  ئاگادار کراونەتەوە کە رووپێوێک بکەن بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی بۆشایی تەناهییان تیادایە و لەڕووی تەناهییەوە گرنگن بیکەنە راپۆرت و بیخەنە بەردەم ھەردوو لیژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی بە ھێزی ھاوبەش پڕ بکرێنەوە.

"نمونەمان ھەیە کە تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە، ئەویش پرکردنەوەی بۆشایی تەناهی نێوان کارێزە تا قۆریجەیە کە 11 کیلۆمەترە و سەرکەوتوو بووە، ئێمە لە دەستی راست وئەوان لە دەستی چەپن کە ئەمەش ھەنگاوێکی باشە، بڕیار دراوە لە ناوچەکانی دیکەش بۆشایی تەناهی پربکرێتەوە" لیوا قارەمان کەمال وای گوت.

جێگری سەرۆک ئەرکان بۆئۆپراسیۆنەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵی، ئەو بۆشاییانە لە هەندێک شوێن 50 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و داعش بەئاسانی جموجۆڵ و کاری تیرۆریستی تێدا ئەنجام دەدات، ئەگەر پڕکرایەوە ئەوکات پارێزراوتر دەبێت.

دووپاتی لەوەیش کردەوە، ھەرکاتێک کارەکانی بەرپرسی میحوەرەکان تەواو بوو، کۆبوونەوەی پێنجەم لە بەغدا ئەنجام دەدرێت لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق و بڕیار لەسەر ئەو راپۆرتانە دەدرێت و ئەو ناوچانەش بەھێزی ھاوبەش پردەکرێنەوە.

لەئێستادا لیژنەکان سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتی خۆیانن، بڕیارەکە بۆ ھەموو ناوچەکانە بە کەرکووکیشەوە، هەرکاتڕابۆرتەکان ئامادەبوون ئەوکات لیژنەی باڵا بڕیاریان لەسەر دەدات.

هەولێر/ بڵند ئیبڕاهیم


 



وشە - هیدایه‌ت جان