تەندروستی سلێمانی: ئەوانەی حاڵەتی تووشبوونیان خراپە لە نەخۆشخانەكان دەمێننەوە

:: PM:07:50:06/08/2020 ‌

بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رای دەگەیەنێ، ئەوانەی پشكنینی كۆرۆنا دەكەن و دەردەكەوێ هەڵگرن، تەنیا ئەوانەیان لە نەخۆشخانەكان وەردەگیرێن لە حاڵەتی خراپدان و لەسەروو مامناوەندەوەن، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی ئەنجوومەنی پارێزگاكەیش دووپاتی كردەوە، هەموو تووشبوویەك لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی نامێننەوە.
ناكرێ هەركەس نیشانەی لەسەر دەركەوت بخرێتە نەخۆشخانە
ئەمڕۆ پێنجشەم، سەفین رەسوڵ، بەڕێوەبەری پلاندانان لە تەندروستی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوانەی رۆژانە پشكنینی كۆرۆنا دەكەن و دەردەكەوێ ڤایرۆسەكە لەناو لەشیاندایە، تەنیا ئەو تووشبووانەیان لە نەخۆشخانە وەردەگیرێن و دەخرێنە ژێر چاودێری، كە دۆخیان خراپە و ڤایرۆسەكە بە رێژەیەكی زیاتر لە لەشیاندایە.

زیاتر گوتی، بەدەر لەوانەی كە لە ناو نەخۆشخانەكاندا دەمێننەوە و ماونەتەوە، تووشبوویەكی زۆری كۆرۆنا كە پشكنینی كردووە و تووشبووە و رێژەی ڤایرۆسەكە لە مامناوەند كەمترە، لە ماڵەوە خۆی كەرەنتین كردووە و نایەنە نەخۆشخانە، بەشێك لە هاووڵاتییانیش خۆیان لە ماڵەوە كەرەنتین كردووە كە تووشی ڤایرۆسەكە بوونە.

هەر لەوبارەوە رێبوار ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، هەموو تووشبوویەكی كۆرۆنا لە ناو نەخۆشخانەكانی سلێمانی وەرناگیرێت، چونكە ناكرێ هەركەس نیشانەكەی تێدا دەركەوت، بخرێتە نەخۆشخانە، سیستمەكە ئەوە وەرناگرێت. 

سەرۆكی لیژنەی تەندروستی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دووپاتی كردەوە، كەسانێك كە بەركەوتوون و گومانیان لەوە هەیە تووشی كۆرۆنا بوون، خۆیان لە ماڵەوە كەرەنتین دەكەن، ئەوانەیشی ڤایرۆسەكە لە لەشیدایە و رێژەكەی كەمە، لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل