هێزه‌كانی ئه‌سه‌د و هه‌سه‌ده‌ له‌ دێرزوور ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌

:: AM:12:26:19/09/2020 ‌
 
شه‌ڕ و گرژی و ناكۆكی له‌ نێوان هێزه‌كانی ئه‌سه‌د و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه‌ و هه‌سه‌ده‌ به‌ بیانووی هێرشكردنه‌ سه‌ر شانه‌كانی داعش ئۆپراسیۆنی كێوماڵكردنی ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی دێرزوور ئه‌نجام ده‌دات و هێزه‌كانی ئه‌سه‌دیش ته‌قه‌یان لێ ده‌كه‌ن و توندوتیژی پچڕ پچڕ له‌ نێوانیان دروست بووه‌.

ڕۆژنامه‌ی "العربی الجدید" له‌وباره‌وه‌ ڕاپۆرتێكی بڵاو كرده‌وه‌ و نووسیویه‌تی، له‌ شه‌وی چوارشه‌م له‌سه‌ر پێنجشه‌مه‌وه‌ تا ئێسته‌ گرژی و ناكۆكی و توندوتیژی پچڕ پچڕ له‌ نێوان هێزه‌كانی ئه‌سه‌د و هه‌سه‌ده‌ دروست بووه‌ و سه‌رچاوه‌كانیش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی دێرزوور دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌كان به‌ تۆپهاوێژ و چه‌كی دوورمه‌ودا له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی هه‌ردوولا به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و به‌ دیارییكراویش له‌ نزیك گوندی "باب ئه‌لخه‌زیر، مه‌زره‌عه‌ی حه‌مدووش" گرژییه‌كان دروست بوون و به‌رده‌وامیان هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌كان هێما بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كه‌ن، كه‌ هێزه‌كانی ئه‌سه‌د شه‌وانه‌ گولـله‌ی ڕووناككه‌ره‌وه‌ هه‌ڵده‌ده‌نه‌ ئاسمان له‌ ترسی هێرشی له‌ناكاوی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ و نزیكبوونه‌وه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی ئه‌وان، بۆ ئه‌وه‌ی ئاگه‌دار بن له‌ هه‌ر پێشڕه‌وییه‌كی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی ئه‌وان.

ماڵپه‌ڕی خابوور له‌وباره‌وه‌ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئه‌سه‌د له‌ نزیك شاره‌دێی ئه‌بو ڕه‌ئسه‌ین له‌ ده‌وروبه‌ری شاری ڕه‌ئس عه‌ینی ڕۆژهه‌ڵات به‌ تۆپهاوێژ بۆردمانی سه‌نگه‌ری هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌یان كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش فڕۆكه‌كانی چاودێری توركیا به‌ ئاسمانی ناوچه‌كه‌ سووڕاونه‌ته‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌سه‌د بۆردمانی ناوچه‌كه‌یان به‌ تۆپهاوێژ كردووه‌.

له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی دێرزوور و له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌فرین هێزه‌كانی ئه‌سه‌د بۆردمانی هه‌سه‌ده‌ ده‌كه‌ن
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ڕۆژنامه‌كه‌ دووپاتیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، دوای ئه‌و بۆردمانانه‌ی سوپای ئه‌سه‌د، تۆپخانه‌كانی توركیایش ده‌ستیان به‌ بۆردمانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی ئه‌سه‌د كردووه‌ و وه‌ڵامی هێرش و توندوتیژییه‌كانیان داوه‌ته‌وه‌، ترسی ئه‌وه‌یان هه‌بووه‌ كه‌ ئه‌م بۆردمانانه‌ هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ بن و بۆ به‌ ئامانجگرتنی هێزه‌كانی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌نجام بدرێن، تا ئێسته‌یش له‌ ئه‌نجامی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تۆپخانه‌كانی توركیا نه‌زانراوه‌، چ زیانێكی گیانی له‌ ڕیزه‌كانی سوپای ئه‌سه‌د كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و گرژیانه‌یش كه‌ توركیا ده‌ستوه‌ردانی تێدا كردووه‌، له‌ ناوچه‌كانی عه‌ین عیسا بوون كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌فرینه‌وه‌ و به‌ سێگۆشه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ و ئه‌سه‌د و توركیا له‌ ناوچه‌كه‌ داده‌نرێت.

به‌هۆی دروستبوونی ئه‌و گرژیانه‌ له‌ نزیك ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی توركیا، هێزه‌كانی توركیا و ڕووسیا به‌ گوێره‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی پێشتر له‌ نێوان هه‌ردوولا واژووی له‌سه‌ركراوه‌، ده‌ستیان به‌ بڵاو پێكردنی كاروانی سه‌ربازی هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌كه‌ كردووه‌، كه‌ چوار ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی توركیا و چواری ڕووسیا بوون و دوو هه‌لیكۆپته‌ری ڕووسیش چاودێری كاروانه‌كه‌ی كردووه‌ و ناوچه‌كانی گوندی چارقلی و قران و سه‌لیب و بوبان و سه‌فته‌ك و ته‌ل شه‌عیر و سوسان و قوله‌ و بینده‌ر و مشكۆ و جبنه‌ تا گوندی ئاشمه‌ گه‌ڕوان.

له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی دێرزووریش هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ ده‌ستیان به‌ هه‌ڵمه‌تێكی كێوماڵكردن و هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ كرد، كه‌ گومان و زانیاری هه‌بوو چه‌كدارانی داعش و شانه‌ی نووستووی لێ هه‌بێ، به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی باغۆز كه‌ به‌ دوا مۆڵگه‌ی تیرۆریستان داده‌نرێ و دوا شوێن بوو له‌ تیرۆریستان پاككرایه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ ئاسمانه‌وه‌ پشتیوانی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیان كردووه‌ و ئۆپراسیۆنه‌كه‌ به‌ هاوبه‌شی ئه‌نجام دراوه‌، تا بتوانن شانه‌ نووستووه‌كانی داعش ئاشكرا بكه‌ن و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانیان بگیرێن.

ئه‌سه‌د ترسی هه‌یه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌سه‌ده‌ له‌ دێرزوور بكوژی شێخی هۆزه‌كانی عه‌ره‌ب ئاشكرا بكات و پیلانه‌كه‌ی شكست بێنێت
هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ به‌له‌میان به‌كارهێناوه‌ و به‌ نێو ڕووباره‌وه‌ ڕۆیشتوونه‌ته‌ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ زانیاری هه‌بوو چه‌كداری داعشیان لێ بێ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ هه‌ڵبكوتنه‌ سه‌ریان و بتوانن سه‌رجه‌میان بگرن، ئه‌مه‌یش دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ دووشه‌می ڕابردوویش توانیان شانه‌یه‌كی حه‌وت كه‌سی له‌ شاره‌دێی شحێلی ده‌وروبه‌ری دێرزوور بگرن و پلانی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ كێوماڵی ناوچه‌كه‌ بكه‌ن و به‌ ته‌واوی سه‌رجه‌م ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش به‌ نهێنی له‌و ناوچانه‌ بوونیان هه‌یه‌ بیاندۆزنه‌وه‌ و ئارامی و ئاسایشی ته‌واو بۆ ناوچه‌كان بگێڕنه‌وه‌ و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌یش به‌ ته‌واوی پشتیوانی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ده‌كات.

ڕۆژنامه‌كه‌ نووسیویه‌تی، ئامانجی هه‌سه‌ده‌ له‌و ئۆپراسیۆنانه‌ ته‌نیا گرتنی پاشماوه‌كانی داعش نییه‌، بگره‌ ده‌یه‌وێ ئه‌و به‌كرێگیراوانه‌یش بدۆزێته‌وه‌، كه‌ ده‌ستیان له‌ كوشتنی شێخی هۆزه‌كانی عه‌ره‌بی له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌بووه‌، به‌ ئامانجی دروستكردنی شه‌ڕ له‌ نێوان هۆزه‌كانی عه‌ره‌بی له‌ ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، كه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسی سووریاوه‌ ڕاسپێردرابوون، هه‌ر له‌ ترسی گرتن و ئاشكرابوونی ئه‌و كه‌سانه‌یش هێزه‌كانی سه‌ر به‌ ڕژێم وه‌ڵامی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌یان داوه‌ته‌وه‌ و ته‌قه‌ و گرژی له‌ نێوان هه‌ردوولا دروست بووه‌.



وشە - باز ئه‌حمه‌د