شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا روو لە بەریتانیا دەكات

:: AM:10:43:19/09/2020 ‌
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا رای گەیاند، دووبارە خۆمان ئامادە كردووە بۆ جێبەجێكردنی كەرەنتین، ئەویش بەهۆی ئەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا رووی لە بەریتانیا كردووە و خەڵكێكی زۆر تووشی بوون.
لەم هەفتەیەدا هەندێك ناوچە كەرەنتین دەکرێن

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ شەموو 19ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، بۆرسین جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا شەوی رابردوو رای گەیاند، لەبەرئەوەی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا رووی لە بەریتانیا كردووە و رۆژانە خەڵكێكی زۆر تووشی دەبن، ناچار دەبین لەم هەفتەیەدا هەندێك ناوچە كەرەنتین بكرێن تا ڤایرۆسەكە زیاتر گەشە نەكات.

سەرۆك وەزیران ئەوەشی گوت، بێگومانین كە شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا رووی لە بەریتانیا كردووە، بۆیە زۆر پێویستە هاووڵاتییان بەپێی رێنوێنییە تەندروستییەكان هەڵسوكەوت بكەن تا ڤایرۆسەكە زیاتر گەشە نەكات، بۆ ئەوەش ناچار دەبین هەندێك رێنوێنیی نوێ بسەپێنین تا ڕووبەڕووی ڤایرۆسەكە ببینەوە.

زیاتر گوتی رێنوێنییەكان ئاسایین و زۆر نین، وێڕای كەرەنتین، دەمانەوێ قوتابخانەكان كراوە بن و ئابووریمان بەپێی دەرفەت كراوە بێت تا كاریگەریی لەسەر وڵات و خەڵكیش نەكات، بۆ ئەوەیش پێویستە كارەكان بەردەوام بن بەڵام بەپێی رێنوێنییە تەندروستییەكان. بۆ هەموو ئەمانە، هەر لە ئێستە نەخۆشخانەكان ئامادە كراون تا پێشوازی لە نەخۆش بكەن.

تا ئێستە لە بەریتانیا 328 هەزار و 720 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون، هاوكات چوار هەزار و 430 كەیش بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە، تەنیا دوێنێ هەینی لە بەریتانیا چوار كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د