بڕێك پارەی ساختە دەستی بەسەردا دەگیرێت

:: AM:11:07:19/09/2020 ‌
لە سنووری ڕواندز دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەی ساختەدا گیرا و بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەو سنوورەش ڕای دەگەیەنێت، دینارە عێراقییەكە بەشێوەیەك ساختە كراوە، بە ئەستەم دەتوانرێ جیا بكرێتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 19ـی ئەیلوول، حاتەم بابكەیی بەڕێوەبەری ئاسایشی ڕواندز لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، سێ‌ كەس گیراون  كەگەشتیار بوونە، پارەی ساختەی دۆلار و دیناریان پێ‌ بووە.

جۆرێك پارەی 10 هەزار دیناریان لابووە، بە ئەستەم دەتوانرێت لەگەڵ پارەی ئاسایی جیا بكرێتەوە
بەڕێوەبەری ئاسایشی ڕواندز گوتی، ئەو پارەیەی لەلایەن ئەو سێ‌ كەسە جۆرێك پارەی 10 هەزار دیناریان لابووە، بە ئەستەم دەتوانرێت لەگەڵ پارەی ئاسایی جیا بكرێتەوە، چونكە هەموو تایبتەمەندی پارەی ئاسایی تێدایە.

لەبارەی شێوازی ئاشكرابوونیان دەڵێت، كڕینی كەلوپەل لەلایەن ئەو كەسانە جێی گومان بوو و چوونەتە شوێنی گەشتیاری، تەنیا شەربەتێكیان خواردووە بڕی 100 دۆلاریان داوە یان پێڵاوێكیان كڕیوە 100 دۆلاریان داوە تا زۆرترین پارە وەربگرنەوە لە پارەی ئاسایی.

ئاشكرای كرد، ئەو سێ‌ كەسە ئۆتۆمبێلێكی جۆری دۆجیان لابوو و یەكێكیان ویستی هەڵبێت، گیرا و هەرسێكیان ددانیان بە تاوانەكەیان ناوە.



وشە - رامیار جەواد