خاڵێكی تری ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا جێبەجێ‌ دەكرێت

:: AM:08:52:21/11/2020 ‌
لە دوێنێوە ژمارەیەكی زۆری پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە شوێنی حەشدی شەعبی لە سەنتەری شارۆكەی شنگال بڵاوەیان پێ كراوە و چالاكێكی كۆمەڵی مەدەنیش ڕای دەگەیەنێت، دۆخی شنگال بەرەو ئارامبوونەوە دەچێت.

ئەمڕۆ شەموو 21ـی تشرینی دووەم، ئارزین شنگالی چالاكی كۆمەڵی مەدەنی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سێ لیوای سەر بە پۆلیسی فیدراڵی عێراق  كە ژمارەیان شەش هەزار پۆلیسە، لە دوێنێوە گەیشتوونەتە سنووری شنگال و لەچەند ناوچەیەكی سەر بەو شارۆكەیە بڵاوەیان پێ كراوە.

ئەو چالاكە گوتی، رەوانەكردنی پۆلیسی فیدراڵی بۆ شنگال بەشێكە لە رێككەوتنی نێوان حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی تەناهیی ئەو شارۆكەیە.

بازگەشیان داناوە بۆ ڕێگری لە كاری تێكدەرانی گرووپەكان كە گەڕانەوەی ئارامییە بۆ سنوورەكە
باسی لەوەش كرد، گرنكترین خاڵی بەهێزی هاتنی ئەو هێزە بریتی بووە لە جێگیربوونیان لە سەنتەری شنگال، بەشێكیشیان لە شارەدێی خانەسۆر و سنوونێ و ناوچەی حەیالی جێگیر بوونە و بازگەشیان داناوە بۆ ڕێگری لە كاری تێكدەرانی گرووپەكان كە گەڕانەوەی ئارامییە بۆ سنوورەكە.

دوو مانگی ڕابردوو ڕێككەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال كراوە، بەپێی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، شەش هەزار پۆلیس لە نەتەوەكانی ئەو سنوورە دادەمەزرێن.



وشە - رامیار جەواد