ڕێكخراوی ژینگەپارێزی بۆ ڕێگری لە دووبارە سووتانی چیای گۆیژە چەند داواكارییەك بەرز دەكاتەوە، هەموو ڕۆژێك هەڵمەتی سەوزكردنی لەو چیایە دەبێت.
ئەمڕۆ شەموو 21ـی تشرینی دووەم، ڕەمزی عەبدولحەمید سكرتێری پارتی سەوزی كوردستان بە "وشە"ـی ڕای گەیاند، بۆ ئەوەی جارێكی تر چیای گۆیژە نەسووتێت، هەڵمەتێكی فراوانی سەوزكردن دەستی پێ كردووە و چەند داواكارییەكیشمان پێشكەشی بەرپرسانی شار كردووە.
سكرتێری پارتی سەوز گوتی، داوامان كردووە تیمەكانی پۆلیسی دارستان لەو شوێنە زیاد بكرێت و بورجی چاودێری دابنرێت و بنکەی بەرگریی شارستانی لەو شوێنە هەبێت.
ئەو گەشتیارانەی سەردانی دەكەن، پشكنینیان بۆ بكرێت تا جارێكی تر ڕووداوی سووتانی دارستان دووبارە نەبێتەوە
باسی لەوەش كرد، پێویستە بازگەیەكی تایبەت بە چوون بۆ ناو دارستانەكان هەبێت و ئەو گەشتیارانەی سەردانی دەكەن، پشكنینیان بۆ بكرێت تا جارێكی تر ڕووداوی سووتانی دارستان دووبارە نەبێتەوە.
ڕوونی كردەوە، ئێستە هەڵمەتێكی دارچاندنمان بۆ گۆیژە دەست پێ كردووە، هەموو ڕۆژێك سەعات 10 دەست پێ دەكات تا پاشماوەی سووتان بە دارستانەكەوە نەمێنێت.
لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ بە هۆی سووتانی 20 هەزار دار لە چیای گۆیژە، ناڕەزایەتییەكی زۆر دروست بووە و دەنگۆی بوونی ئەو شوێنە بە پڕۆژە بڵاو بووەوە و ئێستە ڕێكخراوەكان هەموو هەوڵێكیان دەست پێ كردووە تا جارێكی تر ئەو شوێنە سەوز بكەنەوە.