به‌ سێ پڕۆژه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌زاران هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنرێ

:: AM:11:45:21/11/2020 ‌
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ ه‌ه‌ر سێ پارێزگای ه‌ه‌رێمی كوردستان، سێ پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی ستراتیژی دروست ده‌كرێن و هه‌زاران هه‌لی كاریش ده‌ڕه‌خسێنن.

ئه‌مڕۆ شه‌موو 21ی تشرینی دووه‌م، موخڵیس سه‌لیم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، سێ پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی ستراتیجی له‌ بواری كشتوكاڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌رسێ پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك دروست ده‌كرێن، ئێسته‌ ده‌ست به‌ كاره‌كانی ئه‌وه‌ی هه‌ولێر كراوه‌، زیاتر له‌ هه‌زار دۆنم زه‌ویی بۆ ته‌رخان كراوه‌.

ڕوونی كرده‌وه‌، پڕۆژه‌كان له‌ بواری كشتوكاڵدان، هه‌موو به‌شه‌كانی وه‌ك سایلۆ و به‌شه‌كانی تری كشتوكاڵ و خۆراك له‌خۆ ده‌گرێت، گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ن بۆ ژێرخانی ئابووری، هه‌روه‌ها  بۆ ئاسایشی خۆراك زۆر گرنگن.

ئه‌وه‌شی گوت، هه‌ریه‌كه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌ی سلێمانی و دهۆك له‌ جێبه‌جێكردندان و چاوه‌ڕێی وه‌به‌رهێنان ده‌كرێت زه‌وییان بۆ ته‌رخان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌كاره‌كانی بكرێت، بودجه‌ی پڕۆژه‌كانیش له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ر و كۆمپانیا گه‌وره‌كانه‌وه‌ ته‌رخان ده‌كرێ و چه‌ندان وه‌به‌رهێنه‌ر خۆیان بۆ دروستكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌ تۆمار كردووه‌.

ڕوونی كرده‌وه‌، ئه‌و سێ پڕۆژه‌یه‌ گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ ده‌بن له‌ ناوچه‌كه‌، به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ هه‌زاران هه‌لی كار له‌ هه‌رسێ پارێزگا بۆ كرێكار ده‌ڕه‌خسێنرێت، ئه‌وه‌ی سلێمانی و دهۆكیش هه‌موو كاره‌ یاساییه‌كان ته‌واو كراون و مۆڵه‌ت دراوه‌ به‌ وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌ ته‌نیا ماوه‌ زه‌وییه‌كه‌ ته‌رخان بكرێت.

له‌ ماوه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گرنگییه‌كی زۆر به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ دراوه‌ وه‌ك له‌ كارنامه‌ی كابینه‌كه‌دا هاتبوو، چونكه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگییه‌كی زۆر به‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریی كوردستان ده‌دات.

سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی


وشە - ڕێناس شابان