گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا هەیە و ڕاپۆرتێكی تایبەت لەسەر دۆخی ئێستەی تەندروستی دەخرێتە ڕوو.
ئەمڕۆ شەموو 21ـی تشرینی دووەم، ئاسۆ حەوێزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە و ئێمەیش وەك وەزارەتی تەندروستی ڕاپۆرتێكی تایبەتمان ئامادە كردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ناوەڕۆكی ڕاپۆرتەكە گوتی، داخستنی قوتابخانەكان تا ئاستێك ڕێژەی تووشبووانی كەم كردووە و دووپاتمان لە جێبەجێكردنی ڕێنوێنییەكان كردووەتەوە.
داخستنی قوتابخانەكان تا ئاستێك ڕێژەی تووشبووانی كەم كردووە
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی كە باس لە هەڵگرتنی سزای نەبەستنی دەمامك دەكەن ڕای گەیاند، ئێمە دووپاتمان لەوە كردووەتەوە كە دەبێت ڕێكارەكان هەر بەتوندی بەردەوام بێت و ڕێنوێنییەكانی تەندروستی جێبەجێ بكرێت بەو هۆیەوە ڕێژەكان كەم بووەتەوە.
ڕوونی كردەوە، ڕاستە ئێستە دۆخەكە تا ئاستێك ئاسایی بووەتەوە، بەڵام دەبێت ڕێكارەكان بەردەوام بن و هاووڵاتییانیش پابەندی ڕێنوێنییەكان بن، چونكە تا ئێستەیش ڕێژەی مردن لە هەرێمی كوردستان بەو ڤایرۆسە بەرزە.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و كۆمەڵێك ڕێنوێنیی نوێ بڵاو بكاتەوە.