هاوكات لەگەڵ هێرشی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكا بۆ سەر قاسم سولەیمانی فەرماندەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، هێرش كراوەتە سەر فەرماندەیەكی تری ئێرانی لە یەمەن، بەڵام هێرشی دووەم سەركەوتوو نەبووە.
ئاژانسی "دۆیچەویلە" لە زاری واشنتن پۆست ئەمڕۆ شەموو 11/1/2020 بڵاوی كردەوە، ئەمەریكا بە نیاز بووە لە یەمەن هاوكات لەگەڵ كوشتنی سولەیمانی فەرماندەیەكی تری سوپای قودس بكاتە ئامانج.
عەبدولڕەزا شەهلایی بووە بەرپرسی بەشی دارایی سوپای قودسە
ئەو فەرماندەیەی بڕیار بووە لە یەمەن بكوژرێت، عەبدولڕەزا شەهلایی بووە كە بەرپرسی بەشی دارایی قودسە و یەكێك لە گرنگترین فەرماندەكانی ئێران بووە و لە یەمەن رۆڵی بینیوە.
دەگوترێ ئەمەریكا بۆیە باسی ئەو هێرشەی نەكردووە چونكە تیایدا سەركەوتوو نەبووە، بۆیە شاردوویەتیەوە، بەڵام میدیاكانی ئەمەریكا بە پشتبەستن بە زانیاری هەندێك بەرپرس كە نەیانویستووە ناویان ئاشكرا بكرێت، زانیارییەكەیان دركاندووە.
هێرشەكەی ئەمەریكا لە بەرەبەیانی سێی كانوونی دووەمی ئەمساڵ لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بە پشتبەستن بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان ئەنجام درا و یەكێك لە گرنگترین فەرماندەكانی ئێرانی كوشت. هاوكات ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ژمارەیەك فەرماندە و پاسەوانی تریش لەم هێرشەدا گیانیان لەدەست دا.