بنەماڵەی سوڵتانی عومان لە كۆبوونەوەیەكدا بڕیاری دا جێگرەوەی سوڵتانی كۆچكردوو دەستنیشان بكات. كۆبوونەوەكە دوای ئەوە دێت كە سوڵتان قابووس كۆچی دوای كرد.
ئەمڕۆ شەموو 11/1/2020 ئەنجوومەنەكە هەیسەم بن تاریقی بە سوڵتانی نوێی وڵات دەستنیشان كرد و هەیسەمیش لە بەرانبەر پەرلەمانی وڵاتەكەی سوێندی یاسایی خوارد.
ئەو پێشتر وەزیری رۆشنبیری عومان بووە. دەستنیشانكردنی سوڵتان لەسەر بنەمای خوێندنەوەی وەسیەتنامەی سوڵتانی كۆچكردوو بووە و لەلایەن سوڵتان قابووس بە جێگرەوەی سوڵتان دەستنیشان كرابوو.
بەگوێرەی "یۆرۆنیوز" وەسیەتنامەكەی سوڵتان لەلایەن بنەماڵەی سوڵتان خوێنرایەوە و پشتڕاستی ئەوە كرایەوە سوڵتانی کۆچکردوو هەیسەم بن تاریقی بۆ جێگرەوەی خۆی لە دوای مەرگ هەڵبژاردووە.
سوڵتانی کۆچکردوو هەیسەم بن تاریقی بۆ جێگرەوەی خۆی لە دوای مەرگ هەڵبژاردووە
تەمەنی سوڵتانی نوێ 65 ساڵە و بەر لە ئەستۆ گرتنی وەزارەتی رۆشنبیری، یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی عومان بۆ كاروباری سیاسی بووە. ئەو هەروەها بە یەكەم سەرۆكی فدراسیۆنی تۆپی پێی عومان هەژمار دەكرا.
عومان كەوتووەتە كەنداو و ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی پێنج ملیۆن كەس دەبێت. وڵاتەكە جگە لە بەرهەمهێنانی نەوت پشت بە كشتوكاڵ و ماسیگریش دەبەستێت. داهاتی سالانەی تاك لەم وڵاتە دەگاتە سەروی 24 هەزار دۆلار.