ساڵی ڕابردوو 231 پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان كراوە

:: PM:01:03:11/01/2020 ‌
سەنتەرێكی تایبەت بە داكۆكیكردن لە ڕۆژنامەنووسان ئاشكرای دەكات، ساڵی ڕابردوو نزیكەی 231 پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان كراوە.

نزیكەی 231 پێشێلكاری بەرانبەر ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان كراوە
ئەمڕۆ شەموو 11ـی كانوونی دووەم، سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان ڕاپۆرتی ساڵانەیان ئاشكرا كرد، لە ساڵی 2019 لە هەرێمی كوردستان 124 رێگریی رووماڵكردن و چوار هێرش و تەشویشی ئەلیكترۆنی و 22 لێدان و هەڕەشە و سووكایەتی و 13 زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی كراوە.

لە ئامارەكەدا ڕوون كراوەتەوە، یەك رووداوی تەقەكردن لە ماڵی رۆژنامەنووس، یەك حاڵەتی سووتاندنی ئۆتۆمبێلی رۆژنامەنووس ، 43 راگرتن و دادگاییكردنی رۆژنامەنووسان بەدەر لە یاسای كاری رۆژنامەوانی و 20 دەست بەسەرداگرتن و راگرتن بەبێ بریاری دادگا، سێ داخستن و هەڵكوتانەسەر دەزگای راگەیاندن ئەنجام دراون.

ئەوەش باس كراوە كە ئەو 231 پێشێلكارییە بەرانبەر ڕۆژنامەنووسی 209 دەزگا بووە و زۆرترین پێشێلكاریش بریتی بووە لە ڕێگری لە ڕووماڵكردن.



وشە - رامیار جەواد