گەندەڵییەكی تر لە سلێمانی ئاشكرا دەبێت

:: PM:01:05:11/01/2020 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات، جۆرێك لە گەندەڵیی نوێ‌ لە دوای دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون دروست بووە كە بریتییە لە وەرگرتنی هەزار دۆلار.

بەشێوەیەكی نایاسایی بڕی هەزار دۆلار لە بەشدارانی یەكەكانی نیشتەجێبوون (سیتییەكان) وەردەگرن
ئەمڕۆ شەموو 11ـی كانوونی دووەم، ڕەمەزان نامیق ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، لەلایەن كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانەوە بەشێوەیەكی نایاسایی بڕی هەزار دۆلار لە بەشدارانی یەكەكانی نیشتەجێبوون (سیتییەكان) وەردەگرن.

باسی لەوەش كردووە، لە بەرانبەر فرۆشتنی یەكەكانیان و لەكاتی گواستنەوەی خاوەندارێتییەكانیان لە فرۆشیارەوە پارە  وەردەگیرێت بۆ سەر كڕیار، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و ڕێنوێنییەكانی دەستەی وەبەرهێنانە كە نابێت هیچ بڕەپارەیەك لە هیچ كەسێك وەربگیرێت.

ئاشكرای كردووە، وەك لیژنەی پلان و پڕۆژەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە ڕێی داواكاری گشتییەوە سكاڵا لەسەر هەر كۆمپانیا و وەبەرهێنەرێك تۆمار دەكەین بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی و وەرنەگرتنی هیچ بڕە پارەیەك لە بەشداران، بۆ ئەو مەبەستە هەر هاووڵاتییەك داوای پارەی لێ دەكرێت و لێی وەردەگیرێت، دەتوانێ داواكارییەك ئاراستەی لیژنەكەمان بكات بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ داواكارییەكەی.









وشە - رامیار جەواد