زەردەشتییەكانی هەرێمی كوردستان یەك دەگرنەوە و دوای ئەوەی دوو ڕێكخراوی جیاوازی ئەو حزبە دروست بووبوون، لە چوارچێوەیەكدا بەیەكەوە كار دەكەن.
ئەمڕۆ شەموو 11ـی كانوونی دووەم، ئاوات حیسامەدین بەڕێوەبەری ڕێكخراوی یەسنا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕێكخراوی فەلسەفەی زەردەشتی و ڕێكخراوی یەسنا بۆ گەشەی فەلسەفەی ئاینی زەردەشتی یەك دەگرنەوە.
ئێستە ناومان بووەتە زەردەشتیانی كوردستان، هەموو ڕێكخراوەكانی زەردەشتیی لەخۆ دەگرێت
بەڕێوەبەری ڕێكخراوی یەسنا گوتی، ئێستە ناومان بووەتە زەردەشتیانی كوردستان، هەموو ڕێكخراوەكانی زەردەشتیی لەخۆ دەگرێت و هەركەسێكیش بیەوێت ڕێكخراو لە چوارچێوەی فەلسەفەی زەردەشتیدا دابمەزرێنێت، دەبێت مۆڵەت لەو سەرایە وەربگرێت.
ئاشكرای كرد، سەرای زەردەشتیانی كوردستان فیدراسیۆنێكی زەردەشتییەكان دەبێت لە هەرێمی كوردستان و بارەگاكەیان دەكەوێتە شاری سلێمانی، دەمانەوێت زەردەشتی ببێتە مەشخەڵێك بۆ ڕووناككردنەوەی ڕێ تاریكەكانی سەروەری نەتەوەیی كورد.
پێشتر زەردەشتییەكان لە هەرێمی كوردستان بووبوون بە دووبەش و هەریەكە و خۆی بە ڕێبەرایەتی زەردەشتییەكان دەزانی.
پێڕەوانی ئاینی زەردەشت وەك خۆیان دەڵێن، ژمارەیان لە كوردستان بە سەدان هەزار كەس هەژمار دەكرێت، نوێنەریان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێمی كوردستان هەیە.