رووداوه‌كانی دوای كوشتنی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، دۆخی عێراقیان مه‌ترسیدار كردووه و دوای بڕیاری په‌رله‌مانی عێراقیش بۆ كردنه ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی بیانی، دۆخه‌كه ئاڵۆزتر بووه. په‌رله‌مانتارانی كورد له به‌غدا و هه‌ولێر ئه‌وه ده‌خه‌نه ڕوو كه "مه‌ترسییه‌كه بۆ هه‌رێمی كوردستانیشه".
ئه‌م هه‌فته‌یه دۆخی عێراق په‌ره‌سه‌ندنی ته‌ناهیی و سیاسیی زۆری به‌خۆیه‌وه بینی و هه‌موو ئاماژه‌كان باس له ئاڵۆزبوونی داهاتووی وڵاته‌كه ده‌كه‌ن. ئێران و ئه‌مه‌ریكا شه‌ڕه‌كه‌یان هێناوه‌ته عێراقه‌وه له كاتێكدا وڵاته‌كه سێ مانگه خۆپێشاندان به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت و حكوومه‌تی نه‌ماوه.
كوردیش وه‌ك به‌شێك له عێراق به هه‌ستیاریی سه‌یری دۆخه‌كه ده‌كات.
له‌وكاته‌ی په‌رله‌مانی عێراق سه‌ره‌تای هه‌فته بڕیاری كردنه ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی بیانی دا، ئه‌مه‌ریكا هه‌ڕه‌شه‌ی سزای توندی ئابووری كرد به‌و ئاسته‌ی كه سزاكانی ئێران به‌راورد به‌وه‌ی عێراق هیچ نین. له كاتێكدا وڵاته‌كه له جۆره‌ها ته‌نگژه‌دایه و 132 ملیار دیناریش قه‌رزاره.
جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به"وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا سزای ئابووری به‌سه‌ر عێراقدا بسه‌پێنێت، له‌وانه‌یه كێشه بۆ هه‌رێمی كوردستان سه‌ر هه‌ڵبدات، به‌وپێیه‌ی هه‌رێم به‌شێكه له عێراق، خۆئه‌گه‌ر سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له هه‌رێمیش ده‌ربچن، ئه‌وكات شڵه‌ژانێكی گه‌وره دروست ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه تا ئێسته روون نییه، چونكه پێشتریش په‌رله‌مان بڕیاری دابوو هێزه‌كانی توركیا له عێراق ده‌ربچن و جێبه‌جێ نه‌كرا.
محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان گوتی، بۆ ئه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان كۆتا به ئه‌ركه‌كانیان بێت، ده‌بێ حكوومه‌ت پڕۆژه‌یاسایه‌ك بنێرێته په‌رله‌مان و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.
به‌گوته‌ی كۆچه‌ر "ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له نێوان حكوومه‌ت و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ساڵی 2008 بۆ 2011 كراوه، رێككه‌وتنێكی سه‌ربازییه، ئه‌كه‌ر هه‌ڵوه‌شێته‌وه هه‌رێم ده‌كه‌وێته نێوان دوو بژارده، یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه به ئه‌مه‌ریكییه‌كان بڵێ ده‌ربچن، یاخۆ داوای مانه‌وه‌یان بكات و پشت له حكوومه‌تی عێراق بكات، ئه‌وكات كێشه‌ی بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و كێشه‌ی سیاسی و ته‌ناهی بۆ هه‌رێم دروست ده‌بێت".
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی كورد له عێراق ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه په‌رله‌مانتارانی سه‌ربه میلیشیاكان كارتی گوشاریان پێیه دژی كورد، له ئه‌گه‌ری ئاڵۆزتربوونی دۆخه‌كه، به‌ڵام پێ ناچێت بگاته ئه‌و ئاسته، چونكه ئه‌وكات هه‌رێم دوور نییه پرسی ریفراندۆم زیندوو بكاته‌وه و ره‌نگه هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكاش جیاواز بێت به‌راورد به كاتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم.
93%ی به‌شدارانی راپرسییه‌كه داوای سه‌ربه‌خۆییان كرد، به‌ڵام عێراق، ئێران و توركیا گه‌مارۆیان خسته سه‌ر كوردستان
ریفراندۆم له 25ی ئه‌یلوول/سێپته‌مبه‌ری 2017 له كوردستان و ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان به‌ڕێوه چوو بۆ وه‌رگرتنی بۆچوونی دانیشتوان له‌باره‌ی مانه‌وه له‌گه‌ڵ عێراق یان سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له ئه‌نجامدا 93%ی به‌شدارانی راپرسییه‌كه داوای سه‌ربه‌خۆییان كرد، به‌ڵام عێراق، ئێران و توركیا گه‌مارۆی جۆراوجۆریان خسته سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش پشتی كوردی نه‌گرت، بۆیه ئه‌نجامه‌كه‌ی دواخراوه بۆ كاتی گونجاو.
مه‌یاده محه‌مه‌د ئه‌ندامی كورد له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به"وشه"ی راگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه له عێراق، به‌ڵام به‌شێك نییه له سیستمی ئابووری وڵاته‌كه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رێم سیستمی ئابووری جیاوازه، بۆیه كێشه‌كان ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی نابێت له‌سه‌ر هه‌رێم.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره زیاتر گوتی، "عێراق ناتوانێ به سۆز بیر بكاته‌وه و بڕیار بدات كه ئه‌مه‌ریكا بیخاته ژێر به‌ندی حه‌وته‌مه‌وه و ئابووری عێراق داڕمێنێت، ئه‌وكات گه‌ل زیاتر به‌ره‌و برسیبوون و گه‌نده‌ڵی دارایی ده‌ڕوات، بۆیه پێ ناچێت سیاسییه عێراقییه‌كان بڕیارێكی له‌و جۆره بده‌ن وڵات بخه‌نه ژێر به‌ندی حه‌وت و گه‌له‌كه‌یان برسی بكه‌ن".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر عێراق هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له وڵاته‌كه‌ی بكاته ده‌ره‌وه و ئه‌مه‌ریكا هێزه‌كانی بۆ هه‌ولێر بگوازێته‌وه، ئه‌وكات ئه‌نجامی ریفراندۆم كاریگه‌ر ده‌بێت یان نا؟ ئه‌و په‌رله‌مانتاره روونی كرده‌وه "ئێمه ناتوانین له ئێسته‌وه باسی سیناریۆی خۆمان بۆ ئه‌و بابه‌ته بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا هێزه‌كانی بۆ هه‌رێم بگوازێته‌وه، ئه‌وكات هه‌رێمیش نایه‌وێ خۆی بكات به دوژمنی وڵاتانی دراوسێ و هه‌رێمی".
عێراق له شوباتی 2014ه‌وه بودجه‌ی كوردستانی بڕیاری تا كۆتایی 2018 كه ته‌نیا نیوه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ره‌وانه كرده‌وه و تا ئێسته‌یش ئه‌و سیستمه به‌رده‌وامه، به‌هۆیه‌وه خه‌ڵكی كوردستان قورسترین چوار ساڵیان تێپه‌ڕاند، بۆیه له كاتی بوونی هه‌ر كێشه‌یه‌ك ترسی مووچه دایانده‌گرێ.
رێبوار بابكه‌یی سه‌رۆكی لیژنه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه له په‌رله‌مانی كوردستان، به"وشه"ی گوت، به‌پێی ده‌ستووری عێراق، هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه له عێراق، هه‌ر سزایه‌ك به‌سه‌ر عێراقدا بسه‌پێنرێت، به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه.
"به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ عێراقی پێش 2005 و پێش ده‌ستووریش هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه، بۆیه له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ر بڕیارێك دژی عێراق بدرێت یان بیگه‌ڕێننه‌وه بۆ ژێر به‌ندی حه‌وته‌می نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌گه‌ر به دیفاكتۆ بڕواننه هه‌رێم و ره‌چاوی ئه‌وه بكه‌ن كه هه‌رێم خۆی كه‌نارگیر كردووه له‌و ململانێیه‌ی له عێراق هه‌یه، به‌شداری نه‌كردنی فراكسیۆنه كوردییه‌كان له‌و بڕیاره‌ی بۆ ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان درا، ئه‌وكاته ره‌نگه هه‌رێم به دیفاكتۆ له بڕیاره‌كان ده‌ربكه‌ن، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كان سه‌پاندنی سزای دارایی یان سیاسی بێت" بابكه‌یی وای گوت.
ئه‌وه‌یشی روونكرده‌وه كه ئه‌و دۆخه‌ی هه‌یه لێكه‌وته‌كانی دوو لایه‌نه‌یه، لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنی هه‌یه بۆ سه‌ر كوردستان، یه‌كێك له لایه‌نه نه‌رێنییه‌كان ئه‌وه‌یه ئه‌و بابه‌ته چه‌نده قووڵ ببێته‌وه و درێژه بكێشێت، ئه‌وه‌نده بابه‌تی بودجه و پرسه هه‌نووكه‌ییه‌كان، ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2020ی عێراق بۆ په‌رله‌مان و پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ له عێراق دواده‌خات، كه پرسی گرنگن بۆ هه‌رێمی كوردستان.
وشه/راپۆرتی هه‌ستیار عه‌بدوڵا