هەڵمەتی دادپەروەری بۆ پەرلەمانتاران: مەبنە دەسكەلا بۆ تێپەڕاندنی یاسای نادادپەروەری

:: PM:02:56:11/01/2020 ‌
هاوكاتی خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای چاكسازی تا دێت گوشارەكان لەسەر پەرلەمانتاران زیاتر دەبێت و هەڵمەتی نا بۆ خانەنشینبوونی پلەباڵا و وەزیر و پەرلەمانتار، سۆشیال میدیای كوردستانی داپۆشیوە. هەڵمەتی دادپەوەری بە پەرلەمانتاران دەڵێ، مەبنە دەسكەلا بۆ تێپەڕاندنی یاسایەكی نادادپەروەرانە بۆ خاتری خانەنشینبوونی خۆتان.

ئەمڕۆ شەموو 11ی كانوونی دووەم، هەڵمەتی دادپەروەری داوا لە پەرلەمانتاران دەكات سنوورێكی بۆ نادادپەروەری لە كوردستان دابنێن، نەبن بە دەسكەلا بۆ تێپەڕاندنی یاساكە لە پێناو مووچە و ئیمتیازەكانی خۆیان. دەڵێ چاكسازی بۆ دادپەوەری نەبێت جگە لە خراپەكاری هیچی تر نییە.

هەڵمەتی دادپەوەری كە پێشتریش گردبوونەوەی لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی كردووە، لە هەشت خاڵدا بۆ پەرلەمانتاران داوایان لێ دەكات مووچەی بنەڕەتی پلە باڵاكان بۆ 50% كەم بكرێتەوە و خانەنشینی رێكبخرێت بە جۆرێك لەگەڵ داهاتی وڵات و تاك بگونجێت و هیچ كەسێك لە كوردستان بە سێ ملیۆن دینار زیاتر خانەنشین نەكرێت.

هەڵمەتی دادپەوەری داوا لە پەرلەمانتاران دەكات مووچەی پلە باڵاكان بۆ 50% كەم بكرێتەوە و هیچ كەسێك بە سێ ملیۆن دینار زیاتر خانەنشین نەكرێت


لە خاڵی سێیەمی داواكارییەكەیان لەبارەی خانەنشینی شارستانی، داوا دەكات مووچەكانیان لە 500 هەزار دینار كەمتر نەبێت، ئەمەش لە كاتێكدایە لە پڕۆژەكەی حكوومەت بڕەكە دەستنیشان نەكراوە و پەرلەمانتاران سەرپشك كراون. 

هەڵمەتی دادپەوەری داوا دەكات مووچەی كەمئەندامان بە رێژەی 100% زیاد بكرێت بۆ ئەوەی ژیانێكی شەرەفمەندانەیان بۆ دابین بكرێت، دەستكاری ئیمتیازەكانی بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی نەكرێت.

داواكارییەكەی هەڵمەتی دادپەوەری لە كاتێكدایە سبەی یەكشەم پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەكە دەكات، یەكێك لە كێشەكانی بەردەم پڕۆژەكەش خانەنشینی شەهیدان و پێشمەرگەی دێرین و زیندانیانی سیاسییە.

هەڵمەتی دادپەوەری لە خاڵی شەشەمدا داوای بڵاوكردنەوەی لیستی خانەنشینی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و پیشمەرگەی دێرین دەكات بە مەبەستی پاككردنەوەی لیستەكە.

لە دوو خاڵی كۆتاشدا داوا دەكات دامەزراندن تەنیا بۆ ئەو خێزانانە بێت كە هیچ سەرچاوەیەكی دەرامەتیان نییە، داواش لە پەرلەمانتارە گەنجەكان دەكات كە خانەنشینی نایانگرێتەوە، كارێكی شەرەفمەندانەیە دوای تەواوبوونی كاری پەرلەمانیان خانەنشین نەكرێن، بەڵكو دەتوانرێت لە پەرلەمان كاریان بۆ بدۆزرێتەوە.

لە كۆتایی بەیاننامەیەكەیان كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، هەڵمەتی دادپەوەری هەڕەشەی ئەوە دەكەن لەسەر هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن ئەگەر داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكرێت. 


وشە - فه‌رمان سادق