لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لەبارەی تێكشكانی فڕۆكە ئۆكرانییەكە دەكرێت

:: PM:04:14:11/01/2020 ‌

نووسینگەی سەرۆكی ئۆكرانیا رای گەیاند كە هەریەك لە ڤلادیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا و ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا، بە تەلەفۆن قسەیان لەبارەی پرسی تێكشكانی فڕۆكە ئۆكرانییەكە لە ئاسمانی ئێران كردووە و ماكڕۆن دەست پێكردنی رێوشوێنەكانی فەرمی لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تێكشكانی فڕۆكەكە راگەیاندووە. 
ئێران سندووقی رەشی فڕۆكە تێكشكاوەكە رەوانەی ئۆكرانیا دەكاتەوە
دوای ئەوەی چوارشەمی رابردوو فڕۆكەیەكی هیڵی ئاسمانی ئۆكرانیا لە جۆری بۆینگ بە تەواوی سەرنشینەكانییەوە كە ژمارەیان 176 كەس بوون لە نزیك تارانی پایەتەختی ئێران دوای چەند خولەكێك لە فڕینی تێكشكا، ئەوكات ئێران هۆكارەكەی بۆ كێشەیەكی تەكنیكی گەڕاندەوە، ئەمڕۆ ئێران رای گەیاند كە فڕۆكەكە مووشەكێكی بەركەوتووە و رووداوەكە بەمەبەست نەبووە و فڕۆكەكە بە ئاسمانی ناوچەیەكی هەستیاری سەربازی فڕیوە، داوای لێبوردنیشی كرد.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری فەرمانگەی توێژینەوەی ئاسمانی لە دەستەی فڕۆكەوانی مەدەنی ئێران رای گەیاند كە ناتوانرێت داتاكانی ناو سندووقی رەشی فڕۆكە ئۆكرانییە تێكشكاوەكە بخوێننەوە و شی بكەنەوە، بۆیە رەوانەی ئۆكرانیای دەكەن.

زیاتر گوتی، دەستەكە ئاگەداری كاری بەرگری ئاسمانییەكان نییە و هێزە چەكدارەكانی ئێرانیش دوای رووداوەكە دووپاتی كردووەتەوە كە فڕۆكە ئۆكرانییەكە بەهۆی كارێكی سەربازییەوە نەخراوەتە خوارەوە، لەوكاتەی ئەمڕۆ شەموو سەرۆكی ئۆكرانیا داوای لە ئێران كرد كە بەفەرمی و لە كەناڵە دیپلۆماسییەكانەوە داوای لێبوردن بكات و قەرەبووی دارایی كەسوكاری قوربانیان بكات كە 176 كەس بوونەتە قوربانی.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل