تا دێت لێكەوتەكانی تێكشكانی فڕۆكە ئۆكرانییەكە زیاتر دەرددەكەون و ئێرانیش هەوڵ دەدات رووداوەكە بە ئاسایی پێشان بدات كە بەمەبەست نەبووە، لەوكاتەی سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە بەرپرسیارەتی تەواو لە رووداوی تێكشكانی فڕۆكەكە دەگرێتە ئەستۆ و داوای لێبوردنیش دەكات، فەرماندەیەكی سوپاكە ئاماژە دەكات كە سەربازێك بێ بوونی فەرمانی هاوێشتن، بە مووشەكێك فڕۆكەكە تێكشكاندووە.
سەربازێك بێ وەرگرتنی فەرمان مووشەكێكی تەقاندووە
عەمید ئەمیر عەلی حاجیزادە فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتی كردەوە كە سەربازێك بە مووشەكێك فڕۆكەكەی كردووەتە ئامانج، ئەو وای زانیوە كە فڕۆكەكە مووشەكێكی كرووزە، بۆیە ئەو 10 چركەی لەپێش بووە بۆ بڕیاردان بە هەڵدانی مووشەكەكە یان نا، ئەو بڕیارە هەڵەكەی دا و تەقاندی.
روونی كردەوە، ئەو مووشەكە كورتمەودا بوو و لە نزیك فڕۆكە ئۆكڕانییەكە تەقیوەتەوە، بۆیە فڕۆكەكە بەر لە تێكشكانی ماوەیەكی كورت هەر فڕیوە و كە بەر زەوی كەوتووە، تەقیوەتەوە، دووپاتی كردەوە، من بەرپرسیارەتی تەواوی ئەو كارەساتە دەگرمە ئەستۆ و قبووڵی هەر بڕیارێكیش دەكەم لەوبارەوە، هیوای مردنم دەخواست كە بریا بمردبام و ئەو هەواڵەم نەبیستبووایە.
لای خۆیەوە دەزگای هەواڵگری ئۆكرانیا رای گەیاند كە لێدوانەكانی ئێران سەبارەت بە رووداوەكە، ئەو گریمانە دووپات دەكەنەوە كە بە مووشەكێكی دەستی نەوەك سیستەمێكی ئۆتۆماتیكی پێك كراوە، ئیڤان باكانۆڤ سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ئۆكرانیا دەڵێت، رووداوەكە بەهۆكاری مرۆیی رووی داوە كە سیستەمی بەكارخستنی مووشەكی دژە فڕۆكەكە بەدەست كاری كردووە نەوەك ئۆتۆماتیكی كە شارەزایان لە سەرەتاوە ئەوەیان باس كرد.
چوارشەمی رابردوو فڕۆكەیەكی هیڵی ئاسمانی ئۆكرانیا لە جۆری بۆینگ بە تەواوی سەرنشینەكانییەوە كە ژمارەیان 176 كەس بوون لە نزیك تارانی پایەتەختی ئێران دوای چەند خولەكێك لە فڕینی تێكشكا، ئەوكات ئێران هۆكارەكەی بۆ كێشەیەكی تەكنیكی گەڕاندەوە، ئەمڕۆ ئێران رای گەیاند كە فڕۆكەكە مووشەكێكی بەركەوتووە و رووداوەكە بەمەبەست نەبووە و فڕۆكەكە بە ئاسمانی ناوچەیەكی هەستیاری سەربازی فڕیوە.