وەك زانراوە زۆر خواردنی خوێی چێشت هۆكارێكی سەرەكییە بۆ تووشبوون بە بەرزی پاڵەپەستۆی خوێن كە بە بكوژی بێدەنگ ناسراوە، بەڵام بەمدواییە دەركەوت كە خوێ سوودی لە نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە و گرێی شێرپەنجەیی هەیە.
سوودی دەبێت لە چارەسەركردنی شێرپەنجەكانی میزڵدان و پرۆستات و جگەر و مێشك
زانایان لە زانكۆی جۆرجیا لە ئەمەریكا كاتێك توێژینەوەیان لەبارەی كاریگەریی گەردیلەی كلۆریدی سۆدیۆم (خوێی چێشت)، بۆ سەر خانە شێرپەنجەییەكان دەكرد، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە دەكرێت خوێ پرۆسەی بڵاوبوونەوەی گرێی شێرپەنجەیی بە رێژەی 66% كەم بكاتەوە.
زانایان تاقیكردنەوەیان لەسەر مشكی تاقیگە ئەنجام دا كە تووشی شێرپەنجە بووبوون و بۆیان دەركەوت كە گەردیلەكانی كلیۆریدی سۆدیۆم بریتییە لە مادەیەكی ژەهراوی بۆ خانە شێرپەنجەییەكان و چارەسەرێكی وا دابین دەكات كە لایەنە نەرێنییەكانی كەمترە لەو چارەسەربانەی شێرپەنجە كە ئێستە هەن.
زانیان بە سەرۆكایەتی جین چێ، مامۆستای یاریدەری كیمیا لە زانكۆكە، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە گەردیلەكانی خوێ دەتوانرێت وەك ئەسپی تەروادە بەكاربهێنرێت كە كار بۆ گواستنەوەی ئایۆنەكان بۆ ناو خانە شێرپەنجەییەكان دەكات و ژینگەی ناوخۆی خانەكە پەك دەخات و دەیكوژێت، دوای ئەوەی گەردیلەكانی خوێیەكە دەگەڕێنەوە سروشتی خۆیان لەكاتی شیبوونەوەی خانەكان و بەوەش زیانیان بۆ لەش نابێت.
چێ لەبارەی ئەنجامی تاقیكردنەوە دەڵێت، ئەو میكانیزمە كاریگەرییە ژەهراوییەكەی بۆ سەر خانە شێرپەنجەییەكان بە بەراورد بە خانە ئاساییەكان زیاترە، پێشبینی دەكەین كە ئەو تەكنۆلۆجیایە سوودی هەبێت لە چارەسەركردنی شێرپەنجەكانی میزڵدان و پرۆستات و جگەر و مێشك.