تاران ناڕەزایەتی بەرانبەر خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكڕانییەكە بەخۆیەوە دەبینێت

:: PM:06:23:11/01/2020 ‌

دوای دداننانی ئێران بەوەی هەڵەی سەربازێكی سوپای پاسداران بووەتە هۆی خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی هیڵی ئاسمانی ئۆكرانیا چوارشەمی رابردوو و گیانلەدەستدانی 176 كەس كە سەرنشینی فڕۆكەكە بوون، ئەمڕۆ شەموو ژمارەیەك قوتابی ناڕازی لە تاران گردبوونەوە و دروشمیان لەدژی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران دەگوتەوە.
خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە تێكەڵی ناڕەزایەتییەكانی ئێران دەبێت
وەك ماڵپەڕی كەناڵی "رووسیا تودەی"ی بڵاوی كردەوە، ژمارەیەك لە قوتابیان لەبەردەم زانكۆی "ئەمیر كەبیر"، لە تاران گردبوونەوە و وەك ناڕەزایەتی لەبەرانبەر خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە دروشمی ناڕەزایەتیان بەرز كردەوە لەوانە "بەڵێ بۆ لادانی بەرپرسانی بێتوانا" و "سوپای پاسداران شەرم بكەوە و یەخەی وڵات بەردە" و "قوربانیمان نەداوە بۆئەوەی ئاشت ببینەوە و رابەری بكوژ بپەرستین" و "مردن بۆ درۆزنەكانە". 

ئەو گردبوونەوەیە دوای ئەوە هات كە بەیانی ئەمڕۆ شەموو تاران ددانی بەوەدا نا كە فڕۆكە ئۆكڕانییەكە بەهەڵەیەكی مرۆیی و بێ مەبەست لەلایەن ئێرانەوە تێك شكێنراوە و فڕۆكەكە بەهەڵە چووەتە ناو بازنەیەكی هەستیاری سەربازی سەر بە سوپای پاسداران كە وای كردووە بكرێتە ئامانج. 

ئەمڕۆ شەموو عەمید ئەمیر عەلی حاجیزادە فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران دووپاتی كردەوە كە سەربازێك بە مووشەكێك فڕۆكەكەی كردووەتە ئامانج، ئەو وای زانیوە كە فڕۆكەكە مووشەكێكی كرووزە، بۆیە ئەو 10 چركەی لەپێش بووە بۆ بڕیاردان بە هەڵدانی مووشەكەكە یان نا، ئەو بڕیارە هەڵەكەی دا و تەقاندی. 

روونی كردەوە، ئەو مووشەكە كورتمەودا بوو و لە نزیك فڕۆكە ئۆكڕانییەكە تەقیوەتەوە، بۆیە فڕۆكەكە بەر لە تێكشكانی ماوەیەكی كورت هەر فڕیوە و كە بەر زەوی كەوتووە، تەقیوەتەوە، دووپاتی كردەوە، من بەرپرسیارەتی تەواوی ئەو كارەساتە دەگرمە ئەستۆ و قبووڵی هەر بڕیارێكیش دەكەم لەوبارەوە، هیوای مردنم دەخواست كە بریا بمردبام و ئەو هەواڵەم نەبیستبووایە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل