دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر داوای خۆپێشاندەران و مەرجەعیەتی باڵای نەجەف، تا ئێستە هێزە سیاسییەكانی شیعە نەیانتوانیوە كاندیدێك بە مەرج و رەزامەندی خۆپێشاندەران پێشكەیش بكەن، رووداوەكانی سەرەتای ئەمساڵیش پاساوێكیان رەخساند بۆ ئەوەی ئەو پرسە دوابخرێت، پەرلەمانتارێكی شیعە دووپاتی دەكاتەوە كە جموجۆڵی ئەوان بەردەوامە لەوانەیە لە رۆژانی داهاتوو كەسێك كاندید بكەن.
هێزە سیاسییەكان لەترسی رەتكردنەوەی شەقام هیچ كاندیدێك پێشكەیش ناكەن
حەنین قەدۆ ئەندامی فراكسیۆنی "فەتح" ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە هێرشەكانی ئەمەریكا لەناو خاكی عێراق هێزە شیعەكانی یەكخست و وای كرد دۆسیەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران ئاسانتر بێت، روونی كردەوە، وتوێژ و پێوەندییەكانی نێوان هێزە سیاسییەكان بەردەوامە بەمەبەستی دیاریكردنی شوێنگرەوەیەك بۆ عادل عەبدولمەهدی و روونی كردەوە، ئەگەری هەیە رۆژانی داهاتوو ناوی نوێ بۆ پۆستەكە بخرێنە روو كە لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە رێككەوتنی لەسەر بكرێت و جەماوەر پێی رازی بن.
قەدۆ دووپاتی كردەوە، ململانێی سیاسی لە گۆڕەپانەكانی ناڕەزایەتی دوور نییە و هەمووان باش دەزانن كە چەند ناوێك لێخران و بابەتی رەتكردنەوەی كاندیدەكان لەلایەن خۆپێشاندەران مەترسی لە دووبارەبوونەوەی هەیە.
لەوكاتەی جاسم محەمەد جەعفەر سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشكرای كرد كە گفتوگۆ هەیە بۆ رازیكردنی موقتەدا سەدر بە متمانەدانەوە بە عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆكی حكوومەت تا كاتی هەڵبژاردنی پێشوەختە، فازڵ جابر پەرلەمانتارێكی شیعە روونی كردەوە كە دوو هۆكار هەن پرسی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران دوا دەخەن لەوانە بەردەوامی گوشاری دەرەكی بۆ سەر هەندێك لە هێزە سیاسییەكان و هەندێكیش لەوان دەترسن كاندیدێكی بەهێز بێت و بەرژەوەندی ئەوان بكەوێتە مەترسییەوە.
ئێستە جیا لە بوونی ژمارەیەك كاندیدی هێزە سیاسییەكان كە مەترسی رەتكردنەوەیان لەسەر هەیە لەلایەن شەقام و خۆپێشاندەرانەوە لەوانە محەمەد تۆفیق عەلاوی و عەبدولغەنی ئەسەدی و توفیق یاسری و رەحیم عوگەیلی و عەبدولوەهاب ساعیدی و فایەق شێخ عەلی وەك كاندیدی سەربەخۆ، قسە لەسەر بوونی هەوڵێك بۆ متمانەدانەوە بە عادل عەبدولمەهدی دەكرێت كە "فەتح" و كورد بەوە رازین و ماوەتەوە "سائیروون" و مەرجەعیەت و خۆپێشاندەران، كە هەروەها ئەمەریكا رۆڵی گەورەی دەبێت لە دیاریكردنی بە مەرج، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی هەریەك لە بڕیاری دەركردنی هێزەكانی و رێككەوتننامەكەی لەگەڵ چین.