شەش راپۆرتی لیژنە پێوەندارەكان لە راپۆرتێكدا رێكخراوە و دەبێتە بنەمای گفتوگۆی پەرلەمانتاران لەسەر پڕۆژەیاسای چاكسازی. بڕیاردەری لیژنەی دارایی دەڵێ، ئەوانەی بە پلەی باڵا خانەنشین كراون و رۆژێك لە رۆژان وەزیفەیان نەبووە، خانەنشینیەكەیان رادەگیردرێت تا حكوومەت چارەسەرێكیان بۆ دەدۆزێتەوە.
بڕیارە سەعات 11ـی بەیانی یەكشەم 12ی كانوونی دووەم، پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی ئەنجام بدات. بەگوێرەی زانیارییەكان، راپۆرتی هاوبەشی هەر شەش فراكسیۆنی راسپێردراو بۆ نووسینەوەی راپۆرتی لیژنە لەسەر پڕۆژەكە، ئامادە كراوە و دەبێتە بنەمای گفتوگۆ و دانیشتنی پەرلەمان، راپۆرتەكەش خۆی لە 19 مادە دەبینێتەوە كە هەر مادەیەكی خۆی لە چەند بڕگەیەك دەبینێتەوە.
راپۆرتی هاوبەش، هەفتەی رابردوو لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەر شەش لیژنەی راسپێردراو، ئامادە كراوە و پوختەی سەرنجی هەر لیژنەیەك لەسەر ئەو مادانەی لە پڕۆژەكەی حكوومەتدا پێوەندار بووە بە كاری لیژنەكە، لە خۆ دەگرێت. سەرۆكایەتی هەر شەش لیژنە واووژیان لەسەر راپۆرتەكە كردووە.
راپۆرتی لیژنەی هاوبەش لە 19 مادە پێكهاتووە و دەبێتە بنەمای گفتوگۆی دانیشتنی سبەی پەرلەمان
محەمەد ئیلخانی بڕیاردەری لیژنەی دارایی بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەو راپۆرتە دەبێتە بنەمای گفتوگۆی پەرلەمانتاران، لە ناوەڕۆكی راپۆرتەكەشدا، ئەوانەی رۆژێك بەرپرسیاریەتییان نەبووە لە حكوومەت بە پلەی جیاواز خانەنیشن كراون، خانەنشینیەكەیان رادەگیردرێت تا ئەو كاتەی حكوومەت چارەسەرێكیان بۆ دەدۆزێتەوە.
جگە لە خانەنشینی پلەباڵا و تایبەت كە ناڕەزایەتی زۆری لەسەر هەیە، خانەنشینی پەرلەمانتاران و وەزیر و راوێژكار و پلەباڵاكانی تریش ناڕەزایەتی زۆریان لەسەر هەیە، هەڵمەتی دادپەوەری لە راگەیەنراوێكدا كە كۆپی بۆ "وشە" نێردرابوو، داوا دەكات لە رێژەی 50% زیاتر خانەنیشین نەكرێن.
محەمەد ئیلخانی گوتی "پێوەند بە پەرلەمانتاران، پاش ئەوەی مەرجەكان دەیانگرێتەوە ئینجا كۆی خانەنشینیەكەی نابێت لە 70% زیاتر بێت، نەك بە 70% خانەنشین بكرێن كە هەڵە تێگەیشتنێك لەسەر ئەو پرسە دروست بووە".
پڕۆژەیاسای چاكسازی لە 19 مادە پێكهاتووە و لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران رەوانەی پەرلەمان كرا، دوای خوێندنەوەی یەكەم لەلایەن پەرلەمانەوە ئاڕاستەی شەش لیژنە كرا بۆ نووسینی راپۆرتی لیژنە، هەفتەی رابردووش هەر شەش لیژنە، راپۆرتی هاوبەشیان لەسەر پڕۆژەكە نووسی و رادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا تا ببێتە بنەمای گفتوگۆی دانیشتنی سبەی پەرلەمان.
بەپێی رێكارە یاساییەكان بێت، پاش خوێندنەوەی دووەم سەرنجی ئەندامانی پەرلەمان وەدەگیردرێت و دواتر لە كۆبوونەوەی سێیەمدا، سەرنجەكان دەخرێنە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان لە پڕۆژەكە جێگیر دەكرێت و دەبێت بە یاسا.