باڵەخانە بەكرێدراوەكانی شارەوانی لە ناوچە كوردستانییەكان نۆژەن ناكرێنەوە

:: PM:08:55:11/01/2020 ‌

كاسبكارانی ناوچە كوردستانییەكان نیگەرانن لە نۆژەن نەكردنەوەی باڵەخانەكانی شارەوانی كە ساڵانە بەكرێ بەوانی دەدا، سەرۆك شارەوانییەكی سنووری شارۆكەی خانەقین ئاماژە دەكات كە ساڵانێكە حكوومەتی عێراق پارەی نۆژەنكردنەوەی باڵەخانە بەكرێدراوەكانی خۆی سەرف ناكات.
عێراق نۆژەنیان ناكاتەوە و قەرەبووی نۆژەنكردنەوەش ناكاتەوە
ژمارەیەك كاسبكاری كورد و نەتەوەكانی تری سنووری ناوچە كوردستانییەكان، ئەمڕۆ شەموو "وشە" یان لەوە ئاگەدار كردەوە كە بەشی زۆری دوكانەكانی ئەو ناوچانە بەكەڵكی بەكرێگرتن نەماون، چونكە زۆر كۆن بوونە.

ئەحمەد حەسەن كاسبكارێكی كوردی شارەدێی جەبارەی سەر بە شارۆكەی خانەقینە بۆ "وشە" ئاماژەی دا، كرێی ساڵانە بۆ ماوەی 4 تا 5 ساڵ دەچێتە نزیكەی 10 ملیۆن دینار و زیاتریش، دواتر هیچ قەرەبوویەك بۆ نۆژەنكردنەوەی نییە، ئەوەش لەكاتێكدایە زۆرینەی ئەو دوكانانە كە موڵكی شارەوانین دەدەینەوە بە شارەوانی، وەك ئەوەیە بۆ كرێگرتەی دووەم نۆژەنی بكەینەوە.

 ئیكرام عەبدوڵا سەرۆكی شارەوانی شارەدێی جەبارەی سەر بە شارۆكەی خانەقین بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، پێشتر بڕە پارەیەك لەلایەن وەزارەتی شارەوانی حكوومەتی ناوەندەوە بۆ نۆژەنكردنەوەی باڵەخانەكانی تایبەت بە شارەوانی دەدرا بۆ ئەوەی ئەو باڵەخانانەی پێ نۆژەن بكرێتەوە كە داهاتی بۆ شارەوانی دەبێت، بەڵام لەدوای شەڕی داعشەوە چەند ساڵێكە نەماوە.

روونی كردەوە، هۆكاری سەرف نەكردنی ئەو پارە دیار نییە و لەو روەوە هیچ روونكردنەوەیەك بە ئێمە نەگوتراوە وەك شارەوانییەكان، ئاشكرای كرد، كرێگرتە بەلایەوە كارێكی قبووڵ نەكراوە دوكان نۆژەن بكاتەوە و پاش دوو یان سێ ساڵ بەجێی بێڵێ.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل