دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە پڕۆژەی چاكسازی ڕاستەوخۆ پەخش دەكرێت

:: PM:10:20:11/01/2020 ‌

بڕیارە سبەی پەرلەمانی كوردستان دووم خوێندنەوە بۆ پڕۆژەی چاكسازی بكات و داوا دەكرێت دانیشتنەكانی گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەی چاكسازی لە پەرلەمانی كوردستان لە دەزگا ڕاگەیاندنەكانەوە ڕاستەوخۆ پەخش بكرێت.
پێویستە گەل ئاگەداری ئەوەبێت لەناو هۆڵی پەرلەمان چی باس دەكرێت
 ئەمڕۆ11ی كانوونی دووەم پێشەوا هەورامانی سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی  ڕاگەیاند، بەیانی 12/1/2020 پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی دەكات و تا ئێستە بڕیارەكە وایە ڕاگەیاندنەكان بتوانن ڕاستەوخۆ دانیشتنەكە بگوازنەوە، روونی كردەوە، دەمانەوێ ڕای گشتی ئاگای لە ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی ناو هۆڵی پەرلەمان بێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەی چاكسازی.

زیاتر گوتی، پڕۆژەی چاكسازی لە بەرژەوەندی گشتییدایە و دەمانەوێ بەخێرایی پڕۆژەكە لە پەرلەمانەوە پاش گفتوگۆی پێویست لەسەری پەسەند بكرێت كە موچەی خانەنشینی پلە باڵاكان بە ڕێژەیەكی زۆر كەم دەكات، لە 25% دەست پێ بكات بۆ 70% كە بەرزترینی بێت، دەمانەوێ ئەو ڕێژەیەش زیاتر كەم بكەینەوە بۆ 30%

 لای خۆیەوە شادی نەوزاد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ‌ "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، بنەمای دیموكراسی ئەوەیە گەل ئاگەداری هەموو ئەو ڕوداوانەبێت كە لەلایەن حكوومەت و پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكەن و بكرێت بە بڕیار و یاسا، بۆیە لەگەڵ ئەوەین تەواوی دانیشتنەكانی پەرلەمان لەسەر پڕۆژەی چاكسازی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە پەخش بكرێت و گەل ئاگەداری ئەوەبێت لەناو هۆڵی پەرلەمان چی باس دەكرێت.

زیاتر گوتی، لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمان ڕاستەوخۆ پەخشكردنی دانیشتنەكانی پڕۆژەی چاكسازی دەخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر زۆرینە دەنگی پێ دا ئەوە ڕاگەیاندنەكان دەتوانن دانیشتنەكانی بەیانی و تەواوی دانیشتنەكانی تری پڕۆژەی چاكسازی بگوازنەوە.

هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل