ئاژانسی فڕۆكەوانی ئەوروپا داوای دووركەوتنەوە لە ئاسمانی ئێران دەكات

:: PM:10:34:11/01/2020 ‌

دوای رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی ئۆكڕانی و گیانلەدەستدانی تەواوی سەرنشینەكانی و دواتر دداننانی ئێران بەوەی فڕۆكەكە بە مووشەك كەوتووەتە خوارەوە، كاردانەوەكان لەدژی ئێران زیاتر دەبن، ئاژانسی سەلامەتی فڕۆكەوانی ئەوروپا رێنوێنی دایە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی كە لەو كیشوەرەدا كار دەكەن بەوەی تا كاتێكی تر خۆیان لە ئاسمانی ئێران بەدوور بگرن.
ئێران ددانی بە بابەتێكی مەترسیداردا ناوە و پێویستە بەرپرسیارەتییەكە بگرێتە ئەستۆ
ئەو رێنوێنییە بەردەوامی رێنوێنی پێشووی ئاژانسەكەیە بۆ دەسەڵاتدارانی ناوخۆی ئەوروپا بە رێگرتن لە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی بە فڕینی فڕۆكەكانیان بە ئاسمانی ئێرانەوە لە بەرزایی كەمتر لە 25 هەزار پێ، ئەوەش بەهۆی بەیاننامەیەكی ئێران بەوەی هێزە چەكدارەكانی بە مووشەك ئەو فڕۆكەیان خستووەتە خوارەوە بە هەڵە. 

جیا لەوەی ئەمڕۆ هەزاران كەس لە خۆپێشاندەرانی ناڕازی ئێرانی لە تاران گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان بەرانبەر ئەو هەڵسوكەوتەی سوپای پاسداران پێشان دا كە بە مووشەك فڕۆكەیەكی ئۆكرانیان خستووەتە خوارەوە و بەشێك لە قوربانیان ئێرانی بوون، جاستن ترۆدۆ سەرۆك وەزیرانی كەنەدا ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند كە ئێران ددانی بە بابەتێكی زۆر مەترسیداردا ناوە و پێویستە بەرپرسیارەتی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە بگرێتە ئەستۆ. 

زیاتر گوتی، پێویستە لێكۆڵینەوەیەكی سەرانسەری و تەواو لەبارەی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە بكرێت و ئامانجی ئێمە بوونی دیودەری و لێپرسینەوە و دادوەرییە لەپێناو كەسوكاری قوربانیانەوە، بۆیە لە پێوەندی بە هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان بەردەوام دەبم بۆ ئاشكراكردنی هەموو راستییەكان، ئێران ددانی بە بابەتێكی زۆر مەترسیداردا ناوە و پێویستە بەرپرسیارەتییەكە بگرێتە ئەستۆ و ژمارەیەك هاووڵاتی كەنەدیش بوونەتە قوربانی و لەوبارەوەش وتوێژم لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا كردووە .

لای خۆیەوە ڤلادیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا لە پێوەندییەكی لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران دووپاتی بە لێپرسینەوەكردن لەگەڵ بەرپرسان لە خستنەخوارەوەی فڕۆكەكە كردەوە و گوتی، دداننانی ئێران كارێكی گرنگە و هەنگاوێكی یاساییە، بەڵام پێویستە بەرپرسانی لەو رووداوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.  






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل