ئایا عێراق مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى پێ دابین ده‌كرێت؟ پرسیارێكه ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه له‌گه‌ڵ دابه‌زینى نرخى نه‌وت له بازاڕه‌كانى دنیا، به‌رده‌وام له عێراق ده‌كرێت. بۆ ئه‌م پرسیاره‌یش دوو وه‌ڵام هه‌یه، یه‌كێكیان گه‌شبینه له لای به‌رپرسانى سیاسى عێراق ئاماده‌یه، ئه‌ویتریشیان ره‌شبینى ئابووریناسانه.
به‌هۆى لێكه‌وته ئابوورییه‌كانى كۆرۆنا له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى نرخى نه‌وت رۆژ له دواى رۆژ به خێرایى داده‌به‌زێت، وێراى ئه‌وه‌ى كاریگه‌رى نێگه‌تیڤى بۆ ئابوورى دنیا ده‌بێت، ئه‌م دیارده‌یه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى توند ده‌بێت بۆ سه‌ر ئابوورى ئه‌و وڵاتانه‌ى كه به شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى پشت به داهاتى نه‌وت ده‌به‌ستن. عێراقیش یه‌كێكه له‌م وڵاتانه كه جگه له نه‌وت هیچ داهاتێكى ئه‌وتۆى نییه.
عادل عه‌بدولمه‌هدى و راوێژكاره ئابوورییه‌كه‌ى به پێچه‌وانه‌ى یه‌كتر قسه له‌سه‌ر مووچه ده‌كه‌ن
چۆن دابه‌زینى نه‌وت كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئابوورى عێراق داده‌نێت؟
مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح كه ئابووریناسێكى ناسراوى عێراقه، جیا له‌وه‌یش راوێژكارى ئابوورى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى كاربه‌ڕێكه‌ره، له لێدوانێك كه له ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى "
ئه‌لجه‌زیره" بڵاوكراوه‌ته‌وه مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ى سه‌ره‌وه ده‌داته‌وه و ده‌ڵێ، "هه‌نارده‌ى نه‌وت 98% ى دراوى بیانى بۆ عێراق دابین ده‌كات، له 45% داهاتى ناوخۆ به‌هۆى نه‌وته، 93%ى بودجه‌ى گشتى عێراق به‌هۆى نه‌وته‌وه دابین ده‌كرێت، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات نه‌وت سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى ئابوورى عێراق بێت".
به‌گوێره‌ى ئاماره فه‌رمییه‌كان عێراق رۆژانه‌ى بڕى سێ ملیۆن و 500 هه‌زار به‌رمیل هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه ده‌كات.
دواتر مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح به‌شێوه‌یه‌كى زۆر ساده، كاریگه‌رى دابه‌زینى نرخى نه‌وت له‌سه‌ر ئابوورى عێراق روون ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ" نرخى به‌رمیلێك نه‌وتى عێراق بۆ كه‌متر له 30 دۆلار دابه‌زیوه، كه پێشتر له 60 دۆلار نزیك ده‌بووه‌وه، جا كه به‌راورد ده‌كرێت روون ده‌بێته‌وه، زیانى نیوه‌ى داهاتى عێراق ده‌رده‌كه‌وێت".
هومام شه‌ماع كه شاره‌زاییه‌كى تر‌ى ئابوورییه له عێراق، له لێدوانێكى بۆ كه‌ناڵى "ئه‌لجه‌زیره" به ژماره ئاماژه بۆ زیانى ئابوورى ده‌كات و ده‌ڵێ "په‌رله‌مانى عێراق نرخى به‌رمیلێك نه‌وتى به 56 دۆلار داناوه له بودجه‌ى گشتى 2020 دابه‌زینى نرخى نه‌وتیش به‌م جۆره‌ى ئێسته 35 ملیار زیان له عێراق ده‌دات".
هه‌ڵبه‌ته تا ئێسته بودجه‌ى گشتى عێراق خه‌رج نه‌كراوه، هۆكاره‌كه‌یش پێوه‌ندى به كێشه سیاسییه‌كانه‌وه هه‌یه، چونكه نزیكه‌ى چوار مانگ ده‌بێت له‌لایه‌ن حكوومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ره‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێت..
حكوومه‌تى عێراق چ گره‌نتییه‌ك ده‌دات؟
به‌رپرسانى سیاسى عێراق له په‌رله‌مان بن یان حكوومه‌ت، هه‌میشه به‌ڵێنى ئه‌وه ده‌ده‌ن گوایه كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى زیانى دابه‌زینى نه‌وت له ئابوورى عێراق دوور بخه‌نه‌وه، به‌ڵام چۆن؟ تا ئێسته وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره دیار نییه. ده‌كرێت لێره‌دا ئه‌گه‌ر به خێراییش بێت ئاماژه بۆ كێشه ئابوورییه‌كانى عێراق بكه‌ین: به‌هۆى شه‌ڕه‌كان و داگیركارییه‌كانى داعش ژێرخانى ئابوورى زیانێكى گه‌وره‌ى به‌ركه‌وتووه، رێژه‌ى بێكارى له عێراق به‌رده‌وامه له هه‌ڵكشاندایه به تایبه‌تى له نێو توێژى گه‌نجان، دامه‌زراندنى له كه‌رتى گشتى راگیراوه، پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق زۆر به سیستى ده‌ڕوات و ته‌نانه‌ت گومان له به‌ردوامبوونى ده‌كرێت، به‌هۆى گه‌نده‌ڵییه‌وه پاره‌یه‌كى زۆرى عێراق به فیڕۆ ده‌چێت، به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى رێكخراوى شه‌فافیه‌تى نێوده‌وڵه‌تى عێراق بۆ ساڵى دووه‌م پله‌ى 11ى له ریزى وڵاتانى گه‌نده‌ڵ هه‌یه. هه‌موو ئه‌و كێشانه‌یش به‌ر له دابه‌زینى نرخى نه‌وت و ته‌نگژه‌ى ئابوورى دنیا هه‌بووه، بۆیه ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه ناڕه‌زاییه‌كان له عێراق به‌رده‌وامن. كه‌واته حكوومه‌تى عێراق چ گره‌نتییه‌كى لایه؟
مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دوایین كارت ده‌ست حكوومه‌ته‌وه
هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ى سه‌ره‌وه به‌لایه‌ك، له‌و روانگه‌یه‌ى ئێسته له تواناى عێراق نییه چاره‌سه‌ريان بكات، مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانیش له‌لایه‌كى تر ده‌وه‌ستێت، ئایا حكوومه‌تى عێراق ده‌توانێ مووچه‌كه دابین بكات؟ له‌سه‌ره‌وه ئاماژه بۆ بۆچوونى ئابووریناسان درا، ئه‌وان دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه بێت ناتوانرێت مووچه دابین بكرێت، له‌وانه هومام شه‌ماع ده‌ڵێ "ئه‌و بارودۆخه‌ى دروست بووه كاریگه‌رى له‌سه‌ر مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و چینى هه‌ژاران ده‌بێت" كه‌چى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بێ هیچ كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ك به‌رده‌وام ده‌بێت.
حكوومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌رى عێراق هه‌فته‌ى رابردوو له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كۆبووه‌وه، عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆكى كاربه‌ڕێكه‌ر به متمانه‌وه گوتوویه‌تى "عێراق مایه‌پووچ نییه، راسته تووشى ئاسته‌نگ بووه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌توانێ ئه‌و ته‌نگژه‌یه تێپه‌ڕێنێ، بانكى ناوه‌ندى هێشتا له‌رووى یه‌ده‌گ و دراو وه‌ك خۆیه‌تى".
ئابووریناسێك: نه‌وت 98% دراوى بیانى بۆ عێراق دابین ده‌كات
كامیان هه‌ڵبژێرین: گه‌شبینى یان ره‌شبینى؟
دیاره وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌ى بۆ كرا،
حكوومه‌تى عێراق هه‌فته‌ى رابردوو له‌سه‌ر ته‌نگژه‌كه كۆبووه‌وه، به‌ڵام جیا له راگه‌یانراو گوایه رێكارى تایبه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ته‌نگژه‌كه ده‌گرێته‌به‌ر، هیچ شتێكى تر روون نییه، ته‌نیا گه‌شبینییه‌كه نه‌بێت. په‌ندێكى كۆن هه‌یه ده‌ڵێ "ره‌شبینه‌كان له‌سه‌ر هه‌قن، به‌ڵام گه‌شبینه‌كان ده‌توانن شتێك بكه‌ن" نازانرێت ئه‌م په‌نده چه‌ند بۆ گه‌شبینى به‌رپرسانى عێراق دروسته، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا بوارى ئابوورى ژماره‌یه، شه‌رم له گه‌شبینى و ره‌شبینى ناكات.