كۆرۆنا.. ئیتاڵیا و ئێران كێبەركێی چین دەكەن لە ژمارەی قوربانیان

:: PM:03:04:19/03/2020 ‌

ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ووهانی چینەوە دەستی بە بڵاوبوونەوە كرد و رووی لە هەموو دنیا كرد، ئێستەیش چەند ناوچەیەك بوونەتە سەرچاوەی تری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و خراپتر لە چین، كە تارادەیەك توانوویەتی كۆنترۆڵی دۆخەكە بكات، ئیتاڵیا لە ژمارەی مردن بەو ڤایرۆسە خەریكە لە چین نزیك دەبێتەوە، ئێرانیش لە هەر سەعاتێك سێ مردن و 43 تووشبوون تۆمار دەكات. 
بۆچی لە ئیتاڵیا و ئەوروپا مردن بە كۆرۆنا زۆرە؟
زانایان هۆكاری مردن بەو ڤایرۆسە لە هەندێك ناوچەی دنیا بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێننەوە، لەوانە زۆری ژمارەی كەسانی بە تەمەن یان نەخۆشانی درێژخایەن و بەرگریی لەشی لاواز و لاوازیی سیستمی تەندروستی و پابەندی بە رێنوێنییەكانی خۆپارێزی، بۆیە ئیتاڵیا بووەتە نموونەیەكی باشی ئەو حاڵەتە و ژمارەی مردن و تووشبوون لە هەڵكشاندایە.

لە ئیتاڵیا لە 15ی ئەم مانگەوە، ناوەندی حاڵەتەكانی مردن گەیشتووەتە 350 لە رۆژێكدا و پێشبینی دەكرێت ژمارەی مردووان لە ئیتاڵیا بە پێش چین بكەوێتەوە، كە بەپێی دوواین ئامار ژمارەی مردووان لەو وڵاتە گەیشتووەتە 3249 حاڵەت، هاوكات ئیتاڵیا لە پلەی دووەم دێت دوای ژاپۆن لە زۆری ژمارەی بە تەمەنەكان و زۆرینەی مردنەكانیش ئەوانن كە رێژەكەی دەگاتە 87% تەمەنیان لە سەرووی 70 ساڵییە.

جیا لە تەمەن، زۆرینەی ئەوانەی لەو وڵاتە گیانیان لەدەست داوە، نەخۆشییەكی درێژخایەن یان زیاتریان هەبووە، وەك شەكرە و شێرپەنجە و بەرزی پەستانی خوێن و پەككەوتنی گورچیلە، ئەوەیش وای كردووە كە 60 ملیۆن ئیتاڵی خۆیان لە ماڵەكانیان حەشار بدەن لە ترسی تووشبوون بەو ڤایرۆسە بكوژە. 

لە ئێران دۆخەكە لەدەست دەرچووە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە ناراستەوخۆ ئاماژە بۆ خراپیی دۆخی تەندروستی و ئابووری وڵاتەكەیان دەكەن، یاریدەری وەزیری تەندروستیی ئێران گوتی، ئەگەر لە ماوەی دوو هەفتەدا كۆنترۆڵی ڤایرۆسەكە نەكەین، تووشی زیانی گەورە دەبینەوە. 

ئیریج حەریرجی، یاریدەری وەزیری تەندروستی ئێران كە تازە لە نەخۆشییەكە چاك بووەتەوە گوتی، هەر سەعاتێك سێ حاڵەتی مردن و 43 تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییانی ئێران لە ماڵەكانیان بمێننەوە. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل