عێراق.. 11 حاڵەتی تری تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كرا

:: PM:03:27:19/03/2020 ‌

تا دێت هەوڵەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتانی دنیا و عێراق و هەرێمی كوردستان روو لە توندبوونە و داوا لە خەڵك دەكرێت لە ماڵەكانیان بمێننەوە، لە دنیا ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە 225438 حاڵەت، وەزارەتی تەندروستی عێراق رای گەیاند كە 11 حاڵەتی نوێیان تۆمار كردووە.
داوای پابەندبوون بە رێنوێنییەكان دەكرێت
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی تەندروستی عێراق كە ئەمڕۆ پێنجشەم دەركراوە و باسی دوایین ئامارەكانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە دەكات، تاقیگەكانی سەر بەو وەزارەتە 123 نموونەیان پشكنیوە لەوانەی گومانی تووشبوونیان بە كۆرۆنا لێ دەكرێت و دەركەوتووە كە 11 حاڵەتی نوێ تۆمار كراوە.

بەپێی بەیاننامەكە سێ حاڵەت لە بەری رەسافەی بەغدا و یەكێك لە هەریەكە لە مەدەینەی توب و نەجەف و بەسڕە و دیوانییە و موسەنا و واست و دوو حاڵەتیش لە كەربەلا هەن و هیچ حاڵەتێكی مردنیش تۆمار نەكراوە، بەوەیش كۆی ژمارەی تووشبووان لە عێراق گەیشتووەتە 177 حاڵەت كە 49 حاڵەتی چاكبوونەوە و 12 مردن هەیە، لەوكاتەی لە سەرانسەری دنیا 85831 چاكبوونەوە و 9277 مردن تۆمار كراوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل