عێراق.. شیعە هەمان سیناریۆی محەمەد عەلاوی بۆ عە‌دنان زورفی ئامادە دەكەن

:: PM:04:34:19/03/2020 ‌

دوای ململانێیەكی زۆر هێزە شیعەكان، نەگەیشتن بە رێككەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، سێشەمی رابردوو عەدنان زورفی لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە هاتە راسپاردن، ئێستەیش بەشی زۆری فراكسیۆنە شیعەكان لەو راسپاردنە نارازین و بەشێكیشیان مەرجیان بۆ داناوە، سیاسەتوانێكیش رێنوێنی دەكات دەست بكێشێتەوە.
زورفی كاندیدی بەرهەم ساڵحە نەوەك شیعە
حاكم زاملی، سەركردە لە رەوتی سەدر كە یەكێكە لە هێزە پاڵپشتەكان بۆ زورفی دەڵێت، ئەو حكوومەتە لە پەرلەمان تێپەڕ نابێت ئەگەر لەسەر بنەمای بەشەبەشێنە بێتە پێكهاتن، هاوكات ئەوان بە هاوشێوەی محەمەد عەلاوی، هەر كوشارێك بۆ سەر زورفی رەت دەكەنەوە بۆ پێدانی وەزارەت بەوان، بۆیە پێكهێنانی حكوومەتێك لەسەر بنەمای بەشبەشێنە رەت دەكەنەوە. 

لای خۆیەوە بەهائەدین نووری، گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رای گەیاند، هێزە سیاسییەكانی ناو هاوپەیمانی بینا و فراكسیۆنی حیكمە هەڵوێستی خۆیان بە رەتكردنەوەی راسپاردنی عەدنان زورفی راگەیاندووە و لیستێك بە ناوی 170 پەرلەمانتار هەیە زورفی رەت دەكەنەوە، بۆیە ئەوان بەشداری لە حكوومەتێكدا ناكەن ئەگەر متمانەی پەرلەمانیش بەدەست بێنێت.

لەوكاتەی هاوپەیمانی "بینا"، لە هەریەك لە هاوپەیمانی "فەتح"ی هادی عامری و "دەوڵەتی یاسا"ی نووری مالیكی و "عەتا"ی فالح فەیاز و "هێزە عێراقییەكان"ی محەمەد حەلبووسی و "میحوەری وەتەن"ی خەمیس خەنجەر پێكهاتووە.  

لای خۆیەوە عزەت شابەندەر، سیاسەتوانی شیعەی عێراق دووپاتی كردەوە كە عەدنان زورفی بە ویستی شیعە یان بە زۆرینەی ئەوان نەهاتووە و سەرۆك كۆمار دەتوانێت راسپیرێت، بەڵام مافی كاندیدكردنی نییە، بۆیە رێنوێنی دەكەم كە دەست بكێشێتەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل