قەدەغەی هاتوچۆ سوودێكی تری بۆ سلێمانی هەیە

:: PM:04:54:19/03/2020 ‌
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕای گەیاند، رێوشوێنەكانی قەدەغەی  هاتوچۆ توندكراوە و رێ‌ لە هەموو كۆبوونەوەیەكی ناو گەڕەكەكانیش دەگرین.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئادار، سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و ڕای گەیاند، قەدەغەی هاتوچۆ بە باشی بەڕێوە دەچێت و لەمڕۆوە ڕێوشوێنەكان توندتر دەكرێ‌.

هەموو گردبوونەوە و كۆبوونەوەیەك قەدەغەیە
ڕوونیشی كردەوە كە هەموو گردبوونەوە و كۆبوونەوەیەك قەدەغەیە تەنانەت تیمەكانی پۆلیس و ئاسایش لە كۆڵانەكاندا دەگەڕێن و كۆبوونەوەی ناو گەڕەكەكان ڕێی پێ‌ نادرێ‌.

لەگەڵ ئەوەی سلێمانی یەكێك بوو لەو شارانەی كە پێشتر زۆرترین تاوان و رووداوی تێیدا روو دەدا، بەڵام سەركەوت ئەحمەد دەڵێ‌، لەوەتەی قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنراوە هیچ تاوان و دزییەك لە سنوورەكەدا ڕووی نەداوە.

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو پاراستنی هاووڵاتییانی كوردستان تا 23ی ئەم مانگە قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم