ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سیاسیی هاوپەیمانی نیشتمانی روونكردنەوەیەكیان بڵاو كردەوە و وازهێنانی خۆیان لەو هاوپەیمانییە راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئادار، هەریەكە لە د. كاروان حمەساڵح، د. موئمین زەڵمی و عوسمان گوڵپی، ئەندامانی ئەنجوومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتمانی لە روونكردنەوەیەكدا ڕایان گەیاند، ئێمە لە هاوپەیمانی بە نەفەسێكی نوێی گەنجانە و بە ئامانجی بەرژەوەندی گشتی و سیاسەت و حیزبایەتییەكی تەندروست و گێرانەوەی متمانە بۆ سیاسەت و حزب، هەنگاومان ناوە، بۆیە لە ڕوانگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارییەتیی مێژوویی و سیاسی بەرانبەر بە وڵات و سەرجەم هاونیشتمانییان و بۆ گێڕانەوەی بەها بۆ سیاسی متمانەپێكراو و پڕۆژەی نیشتمانی، ئەوە ڕادەگەیەنین كە هەنگاوەكانی هاوپەیمانی لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنێكی سەردەمییانە و بڕیاری دروست و كاری پێكەوەی هەنگاو نانێت و ڕووی كردووەتە بەرژەوەندیە شەخسی و نانیشتیمانییەكان.
ناڕوونی لە سیاسەتی سەرۆكی هاوپەیمانی و بوونی پێوەندی گوماناوی و پابەندنەبوون بە پێڕەوی ناوخۆ و پلانی ستراتیجی چوار ساڵی هاوپەیمانی هەیە
بەرپرسەكانی ناو هاوپەیمانی روونی دەكەنەوە كە ناڕوونی لە سیاسەتی سەرۆكی هاوپەیمانی و بوونی پێوەندی گوماناوی و پابەندنەبوون بە پێڕەوی ناوخۆ و پلانی ستراتیجی چوار ساڵی هاوپەیمانی هەیە و ناشەفافی لە سەرچاوەكانی دارایی حزب و چۆنیەتی خەرجكردن و ڕێگریكردن لە بەدواداچوون بۆ داهات و خەرجییەكانیش بوونی هەیە.
دووپات لەوەیش دەكەنەوە، چەقی بڕیاردان و میكانزمی بڕیاردان بەپێی بنەماكانی كاری هاوپەیمانی نەبووە و بە پێچەوانەی كاری پێكەوەییەوە بڕیار دەركراوە، ئەمەش وایكردووە وێڕای بونی ناڕەزایی چەندین بڕیاڕی هەڵەی تاكڕەوانە بەسەر هاوپەیمانیدا تێپەڕێنرێت.
"ئێمە وەك بەشێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سیاسی هاوپەیمانیی نیشتمانی، دەستلەكاركێشانەوەی خۆمان لە هاوپەیمانیی نیشتمانی رادەگەیەنین و دووپاتیدەكەینەوە كە ئێمە بەشێك نەبووین و نابین لە هەر مامەڵەیەكی سیاسی و پێوەندییەكی ناتەندروست و نائاسایی و هەر ڕێككەوتنێكی لابەلا كە لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی سەرۆكی هاوپەیمانی و هەركەسێكیتردا ئەنجامدرابێت" ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكان وا دەڵێن.
هاوپەیمانیی نیشتمانی كەمتر لە ساڵێكە مۆڵەتی بۆ كاری حزبی لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە و پێشتر ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ "وشە" رای گەیاندبوو، هاوپەیمانی حزبێكی تەقلیدی نابێت و هەموو كەسێك تێیدا جێگەی نابێتەوە.