نێچیرڤان بارزانی هاوكارییه‌كی بۆ دهۆك دابین كرد

:: PM:07:11:19/03/2020 ‌
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەدواداچوون بۆ دۆخی لێقەوماوان و زیانەكانی باران و لافاوەكانی پارێزگای دهۆك و پرۆسەی بەهاناوەچوون دەكات و هاوكارییەكی بەپەلە دەداتە ئیدارەی پارێزگای دهۆك.

ئەمڕۆ پێنجشەم 19ی ئادار، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاندووەن لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەرهاد ئەترووشی، پارێزگاری دهۆك، نێچیرڤان بارزانی وێڕای سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ خێزان و كەسوكاری ئەو دوو قوربانییەی لە ئەنجامی لافاوەكانی سنووری پارێزگاكە لە سێمێل و زاخۆ گیانیان لە دەست دا، بە وردی بەدواداچوونی بۆ دۆخی لێقەوماوان و مەزەندەی زیانەكان و كارەكانی بەهاناوەچوون و چۆنیەتیی هاوكاریكردن و یارمەتیدانی لێقەوماوان و زیانمەندانی كرد.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پشتگیری بۆ كاری دامودەزگا پێوەندارەكان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان دووپات كردەوە
وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پشتگیری بۆ كاری دامودەزگا پێوەندارەكان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان دووپات كردەوە و بڕیاری دا وەك هاوكارییەكی بەپەلەی بەهاناوەچوون، بڕی (یەك ملیار دینار) لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە، پێشكەش بە ئیدارەی پارێزگای دهۆك بكرێت.

لای خۆیەوە پارێزگاری دهۆك، سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ خەمخۆری و بەسەركردنەوەی دۆخی لێقەوماوان و پارێزگاكە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم