ترەمپ لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆناوە هەواڵە خۆشەكەی راگەیاند

:: PM:07:27:19/03/2020 ‌

كێبەركێی زلهێزەكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتە پێوەست بە كات، ئەمڕۆ رووسیا رای گەیاند كە جەفرەی ریزبوونی جینی ڤایرۆسی كۆرۆنایان بە تەواوەتی دۆزیوەتەوە و بەوەیش رێگەكە ئاسان بووە بۆ لەناوبردنی، لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە پرسی سەركەوتن و دۆزینەوەی پێكوتەی دژ بە كۆرۆنا بووەتە پرسی چەند رۆژێك.
چەند هەفتەیەكی تر سەركەوتن بەسەر كۆرۆنا رادەگەینن
ئێوارەی ئەمڕۆ ترەمپ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رای گەیاند، لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوو سەركەوتن بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا رادەگەیەنین و دەتوانین بگەین بە ئەنجامی باش سەبارەت بە پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسەكە، ئەوەیش دوای ئەوەی وامان دەزانی كە كاتی زیاتری پێویست دەبێت.

روونی كردەوە، پێكوتەكە پێویستی بە تاقیكردنەوەی زۆر هەیە، چونكە ئەو دەچێتە ناو لەشی مرۆڤەوە، بۆیە دووپاتی دەكەمەوە كە كارێكی باش ئەنجام دەدەین، ئێستە شارەزایان سەرقاڵی چەندان تاقیكردنەوەی كلینیكین بۆ ئەوەی بزانن كە باشترین و سەلامەتترین دەرمان كامەیە.  

دووپاتی كردەوە كە بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی ماوەی بەرهەمهێنانی پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنایان لە چەند مانگێكەوە بۆ چەند رۆژێك هێنایە پێش، بۆیە هەوڵەكانمان بۆ لەناوبردنی ئەو ڤایرۆسە چینییە بەردەوام دەبێت و لە ماوەی چەند هەفتەیەك سەركەوتن رادەگەیەنین، هەروەها رەزامەندیمان پێشان داوە بۆ بەكارهێنانی دوەرمانی مەلاریا بۆ چارەسەركردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لای خۆیەوە بەرێوەبەری خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی ئاشكرای كرد كە زیاتر لە 10 هەزار توێژەر كار بۆ بەرهەمهێنانی پێكوتەی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكەن و ئێستەیش دەرمانی مەلاریا بۆ چارەسەركردنی تووشبووان بە كۆرۆنا تاقی دەكەنەوە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل