ئەمەریكا پێنج كۆمپانیای پێوەندیدار بە ئێران سزا دەدات

:: PM:07:52:19/03/2020 ‌

لە چوارچێوە بەردەوامیی كوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و كاركردنی بۆ رووخاندنی ئابوورییەكەی و ناچاركردنی بۆ واژووكردنی رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی، ئەمڕۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای بەسەر پێنج كۆمپانیای پێوەندیداری بە ئێران سەپاند.
گوشارەكان بۆ ملكەچكردنی تاران بەردەوامە
وەزارەتەكە لە ماڵپەڕی ئەلیكترۆنی خۆی بڵاوی كردەوە كە هەریەك لە كۆمپانیاكانی "پترۆ گراند" و "ئەلفابێت ئەنتەرناسیۆنال دی ئێم سی سی" و "سۆیسۆل ترێد دی ئێم سی سی" و جیهانی سامان بۆ بازرگانی گشتی خراونەتە ناو لیستی سزاكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، لەوكاتەی دوێنێ ئەمەریكا سزای بەسەر نۆ قەوارە و سێ كەسایەتی سەپاند بە تۆمەتی ئەوان بەشدارن لە پاڵپشتیكردنی خراپەكارییەكانی ئێران.

وەك وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا رای گەیاند ئەو كۆمپانیایانەی ئەمڕۆ سزا دراون و بارەگاكانیان لە ئیماراتە، ئەوان گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیایەكی نەوتی ئێرانی ساز كردووە كە ئەمەریكا هەوڵی بەسفڕكردنی هەناردەی نەوتی ئێران دەدات.

ئەو هەنگاوانەی ئەمەریكا لە چوارچێوەی گوشارەكانی بۆ سەر ئەو وڵاتە دێت بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆ لەبارەی رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی لەبری ئەوەی 2015، بە مەرجی نوێ كە رێككەوتنەكە بەرنامەی مووشەكی ئەو وڵاتەیش بگرێتەوە، جگە لە رێگرتن لە دەستوەردانی لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە و هاتنی ئەندامی نوێی واژووكار بۆ رێككەوتنەكە وەك سعوودیە و ئیمارات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل