توێژینەوەیەك: كۆرۆنا دروستكراو و پیلانگێڕی نییە

:: PM:08:51:19/03/2020 ‌

دوای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین و بڵاوبوونەوەی لە سەرانسەری ناوچەكانی دنیا، ئەو زیاترین زیانەكانی بە چین و ئێران و چەند وڵاتێكی تر گەیاند، ئەوەش وای كرد كە لێكدانەوەی جیاواز بۆ هۆكاری دروستبوون و بڵاوبوونەوەی بەو شێوەیە بكرێت، لەوانە وەك چەكێكی بایۆلۆجی لە دژی چین و ئێران بەكار هاتبێت، توێژینەوەیەكی نوێ بوونی پیلانگیڕی رەت دەكاتەوە. 
سەرهەڵدانی كۆرۆنا بە نهێنی دەمێنێتەوە
توێژەران لە ئەمەریكا و ئوسترالیا و بەریتانیا بەشداریان لە ئەنجامدانی توێژینەوەكە كرد و ئەوان سیناریۆی بوونی پیلانگێڕیان لەبارەی دروستكردنی ڤایرۆسەكە بۆ مەبەستی دیاریكراو رەت كردەوە، ئەو توێژینەوەی لە بڵاوكراوەی "نێچەر میدیسن"، بڵاو كرایەوە و تیایدا زانیارییەكانی ریزبەندی پێكهاتەی جینی تایبەت بە ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا و ڤایرۆسەكانی پێوەندیداریان شی كردەوە و توێژەران ئاماژەیان كرد كە هیچ بەڵگەیەكیان نەدۆزیوەتەوە بەوەی ڤایرۆسەكە لە تاقیگە دروست كرابێت یان دەستكاری ئەندازە بۆماوەییەكەی كرابێت. 

وەك توێژەران دەڵێن، ئەو ڤایرۆسە سەر بە خێزانی ڤایرۆسە تاجییەكانە كە خێزانێكی گەورەیە و نەخۆشی سارس كە لە 2003 لە چین سەری هەڵدا، یەكەم جۆر ڤایرۆسی ئەو خێزانە بوو كە بۆ دووەم جار لە 2012 جارێكی تر سەری هەڵدایەوە.

كریستیان ئەندرسن، مامۆستای بەرگریزانی و مایكرۆبایۆلۆجی لە پەیمانگەی سكریبس بۆ توێژینەوەی ئەمەریكی و بەشداری توێژینەوەكە دەڵێت، بە بەراوردكردنی زانیارییەكانی ریزبەندی جینی تیرەكانی ڤایرۆسە تاجییەكان و بەراوردكردنی لەگەڵ ئەو ڤایرۆسە نوێیەدا، دەتوانین بڵێن كە رەگێكی دروستبوونی سروشتی هەیە. 

لەسەر بنەمای ئەنجامی توێژینەوەكە ئەوان دوو سیناریۆیان بۆ سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە دیاری كرد، یەكەمیان پەرەسەندنی ڤایرۆسەكە بۆ حاڵەتی ئێستەی لە رێگەی گەشەكردنی لە خانەخۆییەكی زیندەوەری و گواستنەوەی بۆ مرۆڤ كە ئەوان شەمشەمەكوێرەیان دیاری كرد كە خانەخۆییەكە بێت، چونكە ڤایرۆسەكە زۆر بە ڤایرۆسی تاجی شەمشەمەكوێرە دەچێت.  

دووەم سیناریۆ، بازدانی كۆپییەكی ڤایرۆسەكە كە نەخۆشی دروست ناكات لە گیانەوەرانەوە بۆ مرۆڤ و لەوێ گەشەی كردووە بۆ ئەو شێوە مەترسیدارەی ئێستەی. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل