بڕیارەکانی حکوومەت لە گەرمیان کاریگەریی ئەرێنی دروست کردووە

:: PM:09:17:19/03/2020 ‌
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لیژنەكانی چاودێریكردنی بازاڕ و شوێنەگشتییەكانی ناو شار و گەڕەكەكان هەنگاوەكانیان بە فروانتر دەكەن و پێشمەرگە و هێزی زیاتر دەخرێنە ئامادەباشییەوە.

هەڤاڵ ئیبراهیم گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ئیدارەی گەرمیان دەسەڵاتی زیاتری بەخشیووەتە قایمقامەكانی كەلار و كفری بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ كە قەدەغەی هاتوچۆ دەگرێتەوە.

پێشمەرگە و پۆلیسی كۆمەڵگەیی لەگەڵ لیژنەكانی شار كەوتوونەتە ئامادەباشییەوە
لای خۆیەوە كارزان مەجید بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی هاتوچۆی ئیدارەی گەرمیان بۆ "وشە" گوتی، ئەوانیش لە رێی دانانی مەفرەزەی لە شوێنە گشتییەكان مۆڵەتی شۆفێریان لە 400 شۆفێر وەرگرتووە و دەستیان گرتووە بەسەر 35 ئۆتۆمبیل و ماتۆرسكیلدا.

 هاوكات پێشمەرگەو پۆلیسی كۆمەڵگەیی لەگەڵ لیژنەكانی شار كەوتوونەتە ئامادەباشییەوە، چونكە پابەندبوونی هاووڵاتییان بەپێی پێویست نیە.

هەردی سەركەوت، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی كەلار بۆ "وشە"ئاشكرای كرد، بەهۆی چڕكردنەوەی پلانەكانەوە توانراوە بڕیارەكان رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر جێبەجێ بكرێ و رێگە بە هاتوچۆ و سەرپێچی نادرێ لەبڕیارەكانی حكومەت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییان لە كۆرۆنا تا 23ی ئەم مانگە قەدەغەی هاتوچۆی لە سەرانسەری كوردستان راگەیاندووە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم